لهراگهیاندراوێكدا كهوێنهیهك بۆ ماڵپه‌ری كوردستان تیڤى نێردراوه ، راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستان ڕایده‌گه‌ێنێت ، پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/3/25، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، له ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی كرد له شاندێكی په‌یمانگه‌ی دیپلۆماسیی و ئه‌كادیمیی نه‌مسا ، به‌سه‌رۆكایه‌تیی تۆماس رۆ، پرۆفیسۆرو سه‌رۆكی به‌شی مێژوو له په‌یمانگه‌كه و شاندی یاوه‌رى.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه له دیدارێكدا كه د.مسته‌فا گۆران، نوێنه‌رى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له نه‌مسا ئاماده‌یبوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به رۆل و ئه‌ركى په‌رله‌مان له ده‌ركردنی یاسا‌و چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت و چۆنیه‌تیی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌یاسا، چ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه بێت یاخود له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه بێت باسكرد و رایگه‌یاند: "ئه‌و یاسایانه‌ی كه له‌په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه و به‌چه‌ند رێكارێكی یاسایی به‌پێی په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مان پێشكهشدهكرێن و دواتر خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌میان بۆ ده‌كرێت و ئاراسته‌ی لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كرێن بۆ تاووتوێكردنی له‌گه‌ڵ لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت و به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی راوبۆچوونیان له‌سه‌ر پڕۆژه یاساكه به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى و ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌سه‌رى، پاشان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌خرێته به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنی په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و په‌سندكردنى".
هه‌روه‌ها رایده‌گه‌یه‌نن "ئه‌و یاسایانه‌ی كه له‌په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌رده‌چن له‌گه‌ڵ ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراق یه‌كده‌گرنه‌وه و له ده‌ستوورى عێراقیشدا هاتووه هه‌رێمی كوردستان مافی ده‌ركردنی یاسا‌و بڕیارى هه‌یه‌و ده‌شتوانێ خاوه‌نى ده‌ستوورى تایبه‌ت به‌خۆی بێت به‌پێی ده‌ستوورى عێراق".
راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستان ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، باسى له په‌یوه‌ندیی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ند كرد‌و رایگه‌یاند: "له ئێستادا په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له ئاستێكی زۆرباشدایهو ده‌خوازین حكومه‌تی عێراق هه‌نگاوه‌كانیان بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور خێراتر بكه‌ن، له‌نێویشیاندا ماده‌ی 140ى ده‌ستوور كه‌تایبه‌ت به‌ناوچه دابڕێنراوه‌كان و لهئاساییكردنهوه و سه‌رژمێرى و ئه‌نجامدانی راپرسی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی تر‌ى نێوان هه‌ردوولا به‌جۆرێك كه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو گه‌لانی عێراقدا بێت".
راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستان ڕاشیده‌گه‌ێنێت كه‌له‌و دانیشتنه‌دا ، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، باسی له بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كار‌و چالاكییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانى له رووى هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و دروستكردن و پێكهێنانی لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كان كرد.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه شاندی میوان، وێڕای پیرۆزباییكردن له سه‌رۆك و جێگر و سكرتێری په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان له ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، خۆشحاڵی خۆیان به‌سه‌ردانیكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌شیان بۆ هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان روونكرده‌وه كه بۆ له‌نزیكه‌وه ئاگاداربوونه له ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان.
لهكۆتادا شاندی نه‌مسا خۆشحاڵی خۆیان به‌و سه‌قامگیرى و ئارامی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و رۆلی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیشیان له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستانی داعش ده‌ربڕی و ستایشى هه‌رێمی كوردستانیان كرد بۆ له باوه‌شگرتنی ئه‌و ژماره زۆره‌ى ئاواره‌كان كه له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ى عێراقه‌وه روویان له هه‌رێمی كوردستان كردبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.