رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵدا ئاشکرای کردووە گشت گیراوانی رووداوەکانی شیلادزێ ئازاد کراون.
رۆژی 5/3/2019 رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە بە ناوی (ئازادی رادەربڕین) کە لە دوو بەش پێکدێت و بەشێکیان سەبارەت بە یاسای تاوانە ئەلکترۆنییەکان لە عێراق و بەشی دووەمیشی تایبەت بە خۆپیشاندانەکانی رۆژی 26/1/2019ی شیلادزێ کە بۆ مەحکومکردنی بۆردومانی فڕۆکەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچە سنووریەکان ئەنجام درابوو.
لەمبارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم رایگەیاند: دوای خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ کە بۆ هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر بە بۆردومانی فڕۆکەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان و بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیلی ئەو ناوچانە ئەنجام دراوە، کەسانێک بە هاندانی چەند لایەنێکی سیاسی هانی خەڵکیان دا بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە و بە لاڕێدا بردنی خۆپیشاندانەکە کە لە بنەڕەتدا خۆپیشاندانێکی ئاشتیخواز و مەدەنیانە بووە. لە هەمان کاتدا چەند دەزگایەکی راگەیاندن هەواڵی نادرووست و چەواشەکارانەیان سەبارە بە خۆپیشاندانەکان و رێوشوێنەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاری تێکدەرانە بڵاو کردەوە.
زێباری هەر لەم بارەوە گوتی: هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەوە روون و ئاشکرا بووە کە رێگا نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان بە کاربهێنرێت بۆ دەستدرێژی و هێرش کردنە سەر هیچ وڵاتێک و هەڕەشە کردن بە تێکدانی ئاسایشی ئەو وڵاتانە و بە باشی دەزانێت کە ئەو وڵاتانە و لایەنە نەیارەکانی گشت کێشەکانی خۆیان بە رێگای گفتوگۆ و دیالۆگ ئەنجام بدەن و نابێ چیتر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببنە قوربانیی ململانێی وڵاتان، هاووڵاتیانی ناوچە سنوورییەکان لەو خۆپیشاندانەدا هاووڵاتیان داوایان لە تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە هەرێمی کوردستان نەبێتە گۆڕەپانی ئەم ململانێیە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی: لایەنە ئەمنییەکان چەند کەسێکیان دەستبەسەرکرد بۆ کۆنترۆڵ کردنی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە لە کاتی خۆپیشاندانەکە و دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کران، بەڵام چەند کەسێکی دیکە کە ژمارەیان (١٣) بوو لە بنکەی پۆلیسی شیلادزێ بە فەرمانی دادوەر دوای ئەوەی دانیان نا بەوەی کە خۆپیشاندەرانیان هان داوە بۆ ئەنجامدانی کاری توندوتیژی، گوازرانەوە بۆ دادگای دێرەلوک، دواتر بە فەرمانی دادوەر لەو گیراوانەش بە کەفالەت ژمارەکیان ئازاد کران، بەڵام پێنج دەستگیر کراو لەوانە شێروان شێروانی بەپێی ماددەی (١٥٦)ی یاسای سزادانی عێراق هێڵرابوونەوە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، و لەو ماوەیەدا گشت مافێکیان هەبووە وەک بوونی پارێزەر و سەردانی کەسوکاریان، دواتر ئەوانیش بە فەرمانی دادوەر بە کەفالەت ئازاد کران واتە لە ئێستادا گشت گیراوانی رووداوەکانی شیلادزێ ئازادکراون.
سەبارەت بە سازدانی خۆپیشاندان لە ههرێمی كوردستان دیندار زێباری وتی: لە ساڵی(2010) یاسای ژمارە (١١) لە هەرێمی کوردستان دەرچووە کە ناسراوە بە یاسای (رێکخستنی خۆپیشاندان) ، ئەم شێواز و کات و ئامانجى خۆپیشاندان بە وردى دیارى دەکات و رێک دەخات به ههمان شێوه میدیاكانیش مافی رووماڵ كردنی خۆپیشاندان و رێپیوانی خهڵكی ههیه. بەپێی ئەم یاسایە هەموو هاووڵاتیان و ئەوانەی بەشێوەیەکی یاسایی لە هەرێمدا نیشتەجێن و پارتی سیاسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و سەندیکا پیشەییەکان و یەکێتی و کۆمەڵە و رێکخستنی دیکە کە بەپێی یاسا مۆڵەتیان پێدراوە ئازادی رێکخستنی خۆپیشاندانیان هەیە دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی و تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی، هەروەها هەڵگرتن یان لە خۆ بەستنی چەک لەلایەن خۆپیشاندەران بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە تەنانەت ئەگەر ئەو کەسەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا دەکات مۆڵەتی هەڵگرتن یان بەستنیان هەبێت، لە هەمان کاتدا نابێ هیچ ماددەیەکی تەقەمەنی یان ژەهراوی یان سووتێنەر لە کاتی خۆپیشاندانەکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هەڵبگیرێت یان لە خۆ ببەسترێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: لە هەرێمی کوردستان ئازادی رۆژنامەگەری و ڕادهربڕین به پێی یاسا رێکخراوه و له كاتی بوونی ههر حاڵهتێك كه دژ به ڕێنماییهكانی ڕۆژنامهگهری له ههرێمی كوردستان و پێشێلكردن بێت یان بچێته خانهی تهشهیر و ناوزڕاندن ئهوا كار به یاسای سزادانی عێڕاقی ژماره (111)ی ساڵی 1969ی ههمواركراو دهكرێت، بۆیە پێویستە میدیاکارانیش نەبنە هۆی تێکدانی رەوشی ئارامی و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و تایبەت و بەپێی یاسای ڕۆژنامهنووسی ژماره (35)ی ساڵی (2007) تایبەت بە کاری رۆژنامەوانی ناکرێت هیچ رۆژنامەنووسێک دەستگیر بکرێت بەبێ بڕیاری دادگا و رەزامەندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.