Erbil 11°C چوارشەممە 06 تشرینی دووەم 04:34

حکومه‌تى هه‌رێمی کوردستان راگه‌یاندراوێکی بڵاو کرده‌وه‌

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌
کوردستان TV
100%

دیندار زێباری لە وەڵامی راپۆرتی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ: ئەو گیراوانەی داعش كە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ كەمترە وەك قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت نەك تاوانبار

رۆژی 6/3/2019 رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێكی بەناوی (عێراق: دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و ئەشکەنجەدانی مێردمنداڵی گومانلێکراو بە داعش بوون) تێیدا باس لە مێرمنداڵانە ئەشكەنجەدەدات كە دەستگیر كراون و گومانیان لێدەكرێت پەیوەندییان بە تیرۆریستانی داعشەوە هەبێت بۆ ئەوەی ئیعتیراف بكەن.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە راپۆرتی رێكخراوە نێدەوڵەتییەكان بە هەند وەردەگرێت بەتایبەتی كە پەیوەندییان بە رەوشەكانی مافی مرۆڤ و حوكمڕانییەوە هەبێت، رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێكی هاوشێوەدا تۆمەتی جۆراوجۆر دەربارەی ئەو مێردمنداڵانەی بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیركراون دەخاتە پاڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە مامەڵە كردن لەگەڵ ئەو مێردمنداڵانە،  ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە بەر لە ماوەیەك رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێكی دژی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە مامەڵە كردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو مێردمنداڵانەی كە دەستگیركراوە یان گومان لێكراون بە پەیوەندیكردنیان بە تیرۆریستانەوە بە بێ پشت بەستن بە بەڵگەی درووست و بابەتیانە.

د. دیندار زێباری هەروەها وتی رێكخراوی ناوبراو سەردانی شوێنی دەستگیركردن و مانەوەی ئەم مێردمنداڵانەی نەكردووە بۆ ئەوەی پشت بە زانیاری درووست ببەستێت، هەروەها هیچ كەسێك بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناكرێت بە هیچ تۆمەتێك و دوای دەستگیركردنی تۆمەتباران و داواكراوان بەپێی یاسای بنەماكانی دادگایی كردنی سزایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێ، لە هەمان كاتدا تۆمەتبار مافی هەیە پارێزەرێك ئامادە بكات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بكات و  ئاگاداری كەسوكاری دەكرێتەوە كە ناوبراو گیراوە  دواتر كەیسەكە رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەكرێت بۆ یەكلایی كردنەوەی بەپێی یاسا. بۆیە  ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ كەمترە و گومانیان لێدەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەك قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت نەك تاوانبار لە لایەكی دیكەوە بەپێی یاسا ئەشكەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بەشێوەیەكی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت بە هیچ شێوەیەك رێگا نادرێت كە ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشكەنجە بدەن بەپێی ماددەی (333) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەمواركراو.


د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی: ئەو بارودۆخەی لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان هاتە ئاراوە وایكرد جیاكردنەوەی هاووڵاتیانی ئاسایی و ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە لەكاتی هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان ئاسان نەبێت، بۆیە پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەكان چەند رێووشوێنێكی ئەمنی دەگیرایە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان و خودی ئاوارەكان و رێگانەدان بە دزە كردنی تیرۆریستان بۆ نێو هاووڵاتیان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانی هەرێم. لە ئەنجامی ئەو رێوشوێنانەدا تا ئێستادا (٩٠)كەس لە نەوجەوانان و ئافرەتان و منداڵ هەیە لەوانە (١٤) كوڕ كە راگیراوە و (٥٠)ی دیكەش لە كوڕەكان فەرمانی سزایان بۆ دەرچووە ئەمانە تەمەنیان لە (١٨) ساڵ كەمترە لەگەڵ (٢٦) ئافرەت و لە ماوەی رابردووشدا ژمارەیەكی زۆریان كە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركرابوون ئازاد كراون و رەوانەی ئەو شوێنانە كراون كە لێوەی هاتبوون.

سەبارەت رێوشوێنەكانی دەستگیركردن د. دیندار زێباری وتی: هیچ كەسێك بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناكرێت بە هیچ تۆمەتێك و گشت رێوشوێنەكانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن، هەروەها دوای دەستگیركردنیشی مافە یاساییەكانی خۆیان هەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەكان، بۆیە ڕیگری لە هیچ كەسێك ناكرێت و هەموو كەسێك كە دەستگیر دەكرێت، دوای دەستگیركردنی تۆمەتباران و داواكراوان بەپێی یاسای بنەماكانی دادگایی كردنی سزایی (قانون اصول محاكمات الجزائیە) ژمارە (٢٣) ساڵی (١٩٧١)ی هەمواركراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێ. رێكارەكانیش بریتین لە سەلماندنی كەسایەتی داواكراو و گومان لێكراو و دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەكان.

زێباری تیشكی خستە سەر مافی  راگیراو و سزادراوان  رایگەیاند: ئەو مێرد منداڵانە هەمانە مافی راگیراوانی دیكەیان هەیە وەك بوونی پارێزەر، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بكات و لەم رووەوە رێكخراوی یونیسێف بەم دواییە پارێزەرێكی راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی كەیسەكانی راگیراوان لە چاكسازی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكارییەكی زۆری ئەو پارێزەرە دەكەن و بەم دواییە (٦) لە گیراوان لە رێگای پارێزەرەكەوە ئازاد كراون، هەروەها دەتوانن پەیوەندیی بە كەسوكاریانەوە بكەن بە شێوەیەكی ئاسایی، تەنیا لەو كاتانەدا نەبێت كە لەژێر لێكۆڵینەوەدابن.

سەبارەت بەو خزمەتگوزاریانەی پێشكەشیان دەكرێن وتی: پرۆگرامێكی تایبەت دانراوە بە رەزامەندی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی بۆ ئەوەی ئەم دەستگیر كراوانە سوودمەند بن لە پرۆسەی خوێندن بە زمانی عەرەبی و بڕیار وایە بەم زووانە ئەم پرۆسەیەی دەستپێبكات بۆ ئەوەی گیراوان لە پرۆسەی خوێندن بێبەش نەبن و ئەو بڕوانامەى کە پێیان دەدرێت لە کۆتایى خولەکە بەناوى گرتووخانەوە نییە بەڵکو بەناوى رێکخراوەکانەوەیە تاوەکو لە دوارۆژ مۆرکى گرتنیان بەسەرەوە نەبێت و کارى ئاسایى خۆى بکات، هەروەها لەدوای ئازادکردنیان بە سەرپەرشتى رێکخراوەکان دەبێت تاوەک و نەکەونەوە دەست گرووپ و دەستەى تر بەکاریان نەهێنن. 

لەلایەكی دیكەوە خولى فێربوونیان بۆ دەکرێتەوە وەک خولیى پیشەیى( سەرتاشین، وێنەگر وێنەکێشان، چاککردنەوەى ئامێرى سپلیت.
زێباری ئاماژەی بە مانەوەی دەستگیركراوان كرد

لە كۆتایی لێدوانەكەیدا د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم وتی: ئەو مێردمنداڵانەی كە دایك و باوكیان دەستگیركراوە یان گومان لێكراون بە پەیوەندیكردنیان بە تیرۆریستانەوە، بەشێوەیەكی ئاسایی و لە روانگەیەكی مرۆییەوە لایەنە پەیوەندارەكان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن وەك گشت منداڵی ڕاگوێزراوەكان بە رەچاوكردنی بارودۆخی تایبەتیان. بەشێوەیەكی گشتی دەزگا پەیوەندیدارەكان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەر كردنی كەیسی ئەو منداڵانە و ئەو كەیسانەی یەكلاكراونەتەوە چ بە ئازادكردن یا سزای زیندانیكردنیان وەرگرتبێت


دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.