Erbil 8°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 01:27

ژیانی حەلاج ده‌کرێت به‌ رۆمان

ئاماژه‌ به‌ به‌شێك له‌ سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كان ده‌كات
کوردستان TV
100%


حه‌للاج یه‌كێكه‌ له‌ رۆمانه‌ ناسراوه‌كانی نووسه‌ر " عه‌باس ئه‌رنائوب " و  ئازاد به‌رزنجی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ كردوویه‌تی به‌ كوردی و ناوه‌ندی ڕۆشنبیری و هونه‌ریی ئه‌ندێشه له‌ دوتوێی 353 لاپه‌ڕه‌دا‌ چاپ و بڵاوی كردۆته‌وه‌ .

ئه‌م رۆمانه‌ به‌ شێوه‌ی داستانه‌ شیعرێك نووسراوه‌ و رسته‌كانی كورت و فه‌زای گشتی ڕۆمانه‌كه‌ فه‌زایه‌كی شیعرییه‌، به‌ هه‌ناسه‌یه‌كی شیعریی نووسراوه‌  وخوێنه‌ر ماندوو ناكات ، نووسه‌ر ویستوویه‌تی له‌ ڕێی رسته‌ی كورت و شیعریی و چڕه‌وه‌ ژیانه‌ شیعرییه‌كه‌ی حه‌للاج له‌پێناو دادپه‌روه‌ریی و وشیاری كۆمه‌ڵایه‌تیدا بخاته‌ڕوو.

‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ ئاماژه‌ به‌ به‌شێك له‌ سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كان ده‌كات و ئه‌و جه‌وروسته‌كانه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ خه‌ڵكی هه‌ژار كراوه‌ ، نووسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا ئاماژه‌ی به‌ به‌شێك له‌و سته‌مانه‌ كردووه‌ كه‌ عه‌باسییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیانی خۆیان و كۆیله‌كان كردوویانه‌ .

 حه‌للاج نه‌یتوانیوه‌ له‌سه‌رده‌می عه‌باسییه‌كاندا بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت و له‌ڕێی شیعر و خیتابه‌كانییه‌وه‌ هاوڵاتیانی وشیاركردۆته‌وه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی عه‌باسییه‌كانه‌وه‌ به‌ نه‌فره‌ت بكرێت و تا بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی بیر له‌‌ دادگایكردنی حه‌للاج بكرێته‌وه‌ و دواجاریش به‌ مه‌رگ سزای بده‌ن.

ناوی ته‌واوی " حه‌للاج " بریتییه‌ له‌ " ئه‌بولموغیس كوڕی مه‌نسوری حه‌للاج " له‌ ساڵی 244 كۆچی و به‌رامبه‌ر 857ی زاینی له‌ دێی توور سه‌ر به‌شاری "به‌یزا"ی ناوچه‌ی فارس له‌ دایكبووه‌ و باپیری زه‌رده‌شتی و باوكی هه‌للاج بووه‌.

 حه‌للاج له‌و كه‌سانه‌ بووه‌ كه‌ ڕۆڵێكی گرنگی له‌ وشیاركردنه‌وه‌ تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵدا هه‌بووه‌ و هه‌ندێك له‌ توێژه‌ران به‌ سۆقراتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوده‌به‌ن.

جێی ئاماژه‌ پیكردنه‌ ، ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ چه‌ند به‌شێكی ژیانی ئه‌م شاعیر و عارفه‌مان ده‌ناسێنێت كه‌ كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی شیعری رۆژهه‌ڵات هه‌یه‌ و ناوێكی دیاری قوربانی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ رۆژهه‌ڵات. 

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.