بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان بە گرنگییەوە لە بڕیاری حکومەتی ئەمریکا بۆ هێشتنەوەی ژمارەیەک سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەڕوانن.
بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان دەڵێن، هێشتنەوەی سەربازە ئەمریکییەکان کاریگەری گەورەی لە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەبێت و رێگری لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی دەگرێت.
ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن، دەکرێت ئەو هەنگاوەی واشنتن ببێتە هۆکارێک بۆئەوەی ئاسمانی ناوچەکەیان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادا بمێنێتەوە و وڵاتانی ئەوروپاش بڕیار بدەن ژمارەیەک لە سەربازەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بهێڵنەوە.
عەبدولکەریم عومەر، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کانتۆنی جەزیرە رایگەیاند، "ئێمە بە ئەرێنییەوە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا هەڵدەسەنگێنین. دەکرێت بڕیارەکە هانی وڵاتانی ئەوروپا بدات، بەتایبەتی هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریزم، بۆئەوەی هێزەکانیان لە ناوچەکە بهێڵنەوە".
عەبدولکەریم عومەر گوتی، باوەڕی وایە مانەوەی هێزە رۆژئاواییەکان دەبێتە هاندەرێک و ئامرازێکی گوشار لە سەر دیمەشق بۆ ئەوەی بەجیدییەوە هەوڵ بدات دیالۆگ ئەنجام بدات بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا".
دیپلۆماتکارێکی ئەوروپیش رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نازاندرێت وڵاتانی ئەوروپا هێزی سەربازیی خۆیان لە سووریا دەهێڵنەوە یان نا.
ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە هات، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، دوای کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا، 200 سەربازی ئەمریکی لەو وڵاتە دەمێننەوە.
سارا ساندەرز گوتی، ئەرکی ئەم سەربازانە بریتی دەبێت لە راپەراندنی کاروبارەکانی پەیوەست بە ئاشتەوایی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.