هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە کۆنفرانسی میونشندا بە رووداوی راگەیاند" بۆ ئێمە گرنگە بەرژەوەندییەکانی کورد لە سووریا پارێزراوبن، هەروەها هەموو ئەو دیدار و گوتوبێژانەی ئێمە لەسەر ئەم پرسە دەیکەین، دەبێت بۆ کۆکردنەوەی هێزی لەشکریی و دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامی لاواز و بێ کاریگەر نەبێت".
هەروەها لەبارەی پرۆسەی سیاسی سووریا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی" دەبێت هەنگاوەکانی پرۆسەی سیاسی بەرەوپێش بچن وەکو چۆن نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری لێداوە، هەروەها لیستی ناوەکانی نووسینەوەی دەستووریش یەکلابکرێتەوە".
هایکۆ ماس ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بڕوایەدایە ئەمە دەرگایەک لەبەردەم هەنگاوی دیکە لە پرۆسەی سیاسی دەکاتەوە و گوتی: "ئێمە هەموو کاری بۆ دەکەین".
ئەمڕۆ هەینی (15-2-2019) کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە شاری میونشنی ئەڵمانیا دەستیپێکرد، نزیکەی 35 سەرکردەی وڵاتان و 50 وەزیری دەرەوە و 30 وەزیری بەرگریی وڵاتان لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن.
شاندێکی هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆنفرانسێکی ساڵانەیە لەبارەی سیاسەتی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لە ساڵی 1963ـەوە بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.