ڕێکەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا چەند زانیاریی لەبارەی نەخۆشیی شیرپەنجە لە جیهان خستە ڕوو و گوتی ئەم نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان جێگەی مەترسی نییە.
ئەمڕۆ دووشەممە 2019.2.4 د. ڕێکەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجە، لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەبارەی مەترسییەکان و پەرسەندنی نەخۆشیی شێرپەنجە لە ئاستی جیهان و کوردستان گوتی" لە ساڵی 2018 لە جیهاندا زیاتر لە 18 ملیۆن کەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە کە زیاتر لە نۆ ملیۆنیان گیانیان لەدەست داوە و بەپێی زانیارییە جیهانییەکان لە هەر 100 هەزار کەس 200 کەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە."
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان لە خوار ستانداردە جیهانییەکانەوەن و لە هەر 100 هەزار کەس، تەنیا 105 کەس تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون و بەگشتی نزیکەی پێنج هەزار و 680 کەس لە کوردستان تووشی ئەم نەخۆشییە بوون و بە بەراورد بە جیهان و شوێنەکانی دیکە لە کوردستان جێگەی مەترسی نییە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "زۆربەی زۆری پەیداویستییەکان بۆ ئەم نەخۆشانە لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستی، سندووقی کۆمەکی نەخۆشانی شێرپەنجە و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری زۆربەی زۆریان دابین کراون و ئەوانەش کە چارەسەر نەکراون، نێردراون بۆ دەرەوەی وڵات".
لەبارەی ڕێژەی هەناردنی دەرمان لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان گوتی: "ساڵی 2013 شاندێکی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و لەو کاتەوە ڕێککەوتنێک کرا کە 17٪ی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت و هەتا ئێستاش ئەو ڕێککەوتنە بەردەوامە".
لەبارەی سندووقی یارمەتیی شێرپەنجە لە کوردستان گوتی: "داهاتەکەی هەروەکو خۆیەتی و بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپە ئابووریەی لە کوردستان هەبووە نەمانتوانیوە هەندێ کار بکەین، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە بەرەو باشی ئەڕوات و ئێمە لەگەڵ وەزیری دارایی لەسەر خەتین و دوێنێ یەکشەممە لەگەڵ وەزیری دارایی قسەمان کردووە و بۆ ساڵی 2019 هەموو ئەو پرۆژانەی کە خستوومانەتە بەرنامەوە کە پەیوەندران بەو سندووقەوە هەموویان ئەچنە بواری جێبەجێکردنەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.