Erbil 13°C دووشەممە 18 تشرینی دووەم 02:25

بەرەڤان حەمدی: بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی شەڕی داعش نووسینگەیەک لە ھەولێر کراوه‌ته‌وه‌

بۆ ئەم مەبەستەش شاندێك لە بەغداوە سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات
کوردستان TV
100%

بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەھید و بریندارانی شەڕی داعش، شاندێك لە بەغداوە دێتە هەرێمی كوردستان، بریكاری وەزارەتی شەھیدانیش دەڵێ، ئەوانەی جەستەیان زیانی بەركەوتووە و ئەوانەیشی كە ماڵ و زەوییان بە ھۆی كردەوە تیرۆریستییەكانەوە لە دەست داوە،‌ قەرەبوو دەكرێنەوە.

پێوەست بە بڕیاری قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆر، حكوومەتی عێراق و ھەرێمی كوردستان دەست بە رێوشوێنەكانی قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆر دەكەن، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێك لە بەغداوە سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات.

بەرەڤان حەمدی، بریكاری وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "داوامان لە بەغدا كردووە كە تیمێكیان سەردانی وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان بكات، بۆ پرسی قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیانی دەستی تیرۆر، ئەوانەی شەھید و بریندار بوونە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی چوارشەممە شاندێك لە بەغداوە دێتە ھەولێر،‌ بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر چوارچێوە یاسایی و داراییەكانی ئەو پرسە بكەین".

بریكاری وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان، باسی لەوەش كرد، نووسینگەیەك لە ھەولێر كراوەتەوە بۆ ئەو پرسە، "داوامان كردووە تیمێكیان بێن و بەرچاوڕوونیمان بدەنێ بۆ ئەو قەرەبووكردنەوەیە".

حەمدی زیاتر ڕوونی كردەوە،‌ دوو جۆرە قەرەبووكردنەوە ھەیە،‌ سەبارەت بە زیانلێكەوتووانی قوربانیانی حكوومەتەكانی پێشووی عێراق، یەكیان پرۆسەكانی پێشووترە كە كەیسەكانیان لە دادگای باڵای عێراق یەكلا بووەتەوە كە پرسه‌كانی  وه‌ك ئەنفال، كیمیاباران، فەیلیەكان، بارزانییەكان، ھەروەھا دۆسیە كۆمەڵكوژییەكانە كە دەرھەق بە ھەرێمی كوردستان كراون، ئەمە رێوشوێنی یاسایی خۆی وەرگرتووە، پرسێكی تر، قوربانیانی دەستی تیرۆرە كە لە ھەموو ناوچەكانی تری عێراق بوونی ھەیە، بەڵام حكوومەتی عێراق ھەنگاوێكی جیددی نەناوە بۆ قەرەبووكردنەوەیان، بە تایبەت پرسی قەرەبووكردنەوەی تاوانە كۆمەڵكوژییەكانی سەردەمی بەعس و سەددام.

ئەو شاندەی كە دێن بۆ ھەولێر، تەنیا بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆر و شەڕی داعشە، بەڵام ریزبەندییەكە بەو شێوەیەیە كە كەسوكاری شەھید و بریندارانیش دەگرێتەوە.

دەشڵێ، ئەوانەی جەستەیان زیانی بەركەوتووە و ئەوانەیشی كە ماڵ و زەوییان بە ھۆی كردەوە تیرۆریستەكانەوە لە دەست داوە،‌ قەرەبووكردنەوەكە دەیانگرێتەوە.

بریكاری وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان، ئاماژەش دەدات كە تاوەكو دانیشتن لەگەڵ ئەو شاندە نەكەن، ناتوانن بڕی قەرەبووكردنەوەكە دیاری بكەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.