سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی لە دیداریدا لەگەڵ شاندێکی یوئێن کۆبووەوە و سەبارەت بە کەرکووک، هەورامی ڕایگەیاند، لای پارتی كەركووك داگیر كراوە و دەبێت ئاسایی بكرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێككەوتی 2019/1/24، هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆن لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی یوئێن کرد كە پێكهاتبوو لە مانوج ماسیۆ، بەرپرسی بەشی كاروباری سیاسیی یۆنامی لە عێراق و، مۆنیا ڕادزی مۆتسی، بەرپرسی كاروباری سیاسیی یۆنامی لە هەرێمی كوردستان.
لە دیدارەكەدا هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پوختەیەك لە بارودۆخی سیاسی و گفتوگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی شی كردەوە.
دەربارەی گفتوگۆی پارتی لەگەڵ لایەنەكان هێمن هەورامی ڕایگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان لە گفتوگۆكانی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوامە و بەجیا لەگەڵ هەردوو لایەن كۆمیتەی هاوبەش پێكهاتووە لەسەر پرسەكان و لە ئایندەیەكی نزیكدا هەوڵ دەدەین دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم و كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستان دابندرێت.
هەر لە دانیشتنەكەدا هێمن هەورامی، جەختی لەسەر ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك كردەوە و گوتی: پارتی دیموكراتی كوردستان بەم بارودۆخە عەسكەرییە و بوونی چەندین هێزی جۆراوجۆری چەكدار ناگەڕێتەوە و لای پارتی كەركووك داگیر كراوە و دەبێ ئاسایی بكرێتەوە و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بگەرێنەوە شوینی خۆیان بۆ پاراستنی هەموو كەركوكییەكان، بە هەموو پێكهاتەكانەوە، نەوەك تەنیا بۆ یەك لایەنی سیاسی.
لە كۆتاییدا، شاندی یۆنامی سوپاس و خۆشحاڵیی خۆیان بەو سەردانە دەربڕی و ئامادەییی خۆیان نیشان دا بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك لە نێوانیاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.