Erbil 15°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 01:30

نزیکەی شەش هەزار گەشتیار روویان لە شوێنە گەشتیارییەکانی سۆران کردووە

بەپێی ئامارەكان تەنیا لە ماوەی یەك رۆژدا
کوردستان TV
#7
100%


بەهۆی هەبوونی رێژەیەكی زۆری ناوچەی گەشتیاری، ساڵانە لە وەرزە جیاجیاكاندا گەشتیارێكی زۆری ناوخۆی و بیانی روو لە دەڤەری سۆران دەكەن و بەپێی ئامارەكان تەنیا لە ماوەی یەك رۆژدا شەش هەزار گەشتیار روویان لە دەڤەرەكە كردووە.

سنووری سۆران رێژەی زۆری ناوچەی گەشتیاری لێیە دیارترینیان گەلی عەلی بەگ و چیای كۆڕەك و شنگلبانە و بێخاڵ و حەسەن بەگ كە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر ناسراون، هاوكات تەنیا دوێنێ هەینی هەزاران گەشتیار لە شار و شارۆكەكانی كوردستان روویان لە سۆران و رواندز كردووە.
 
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە ماڵپه‌ری وشەی راگەیاندووه‌ سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان شوێنی دڵیگر و سەرنجراكێشی هەیە كە لە هەموو وەرزەكانی ساڵدا گەشتیاران بە شوێنە گەشتوگوزارییەكانی سەرسامن و كاتی خۆشی تیادا بەسەر دەبەن.

زیاتر گوتی، وەك بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار كارئاسانی باشمان بۆ گەشتیاران كردووە و هاوئاهەنگیمان لەگەڵ بازگەكان كردووە بۆ ئەوەی زۆر رایان نەگرن و هەموو ئامادەكاری خۆمان كردووە.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت، تەنیا دوێنێ هەینی نزیكەی شەش هەزار گەشتیار روویان لە شوێنە گەشتیارییەكانی هەر چوار شارۆكەی سۆران و رواندز و چۆمان و مێرگەسۆر كردووە، بە شێوەیەك 70% گەشتیارەكان هی ناوەڕاست و شارەكانی عێراق و 30% گەشتیارەكانی تر هی كوردستان و قوتابی زانكۆ و پەیمانگاكان بوونە.

دووپاتی كردەوە، گەشتیاران زیاتر روویان لە كۆڕەك و شنگلبانە و بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ و جوندیان كردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا بارینی بەفر و سپی پۆشی ناوچەكان، كاریگەری باشی هەبووە لەسەر زیادبوونی رێژەی گەشتیاران و چیاكانی دەڤەرەكەشمان لە گەشتیاران جمەیان دێت.

شارۆكەی سۆران لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە و بە دووری 102 كم لە باكوری هەولێر هەڵكەوتووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.