Erbil 13°C شەممە 16 تشرینی دووەم 23:31

دادگایەکی بەریتانیا سزاى زیندانی هه‌تا هەتاى بۆ سێ کورد ده‌رده‌کات

تاوانی كوشتنی پێنج هاووڵاتیان بەسەردا ساخ بووتەوە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ هەینی دادگای شاری لێستەری ناوەڕاستی بەریتانیا بڕیاری زیندانی تاهەتایی بەسەر سێ تاوانباری كورد سەپاند، ئەمەش دوای ئەوەی تاوانی كوشتنی پێنج هاووڵاتیان بەسەردا ساخ بووەوە، كە ویستبوویان بە تەقاندنەوەی دوكانەكەیان، بڕێك قەرەبوو وەربگرنەوە.

تۆڕی هەواڵی (BBC)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە ئەو سێ كەسەی دوكانەكەیان تەقاندەوە بۆ وەرگرتنەوەی 387 هەزار دۆلاری ئەمریكی وەك قەرەبووی بیمە، بەڵام بەم هۆیەوە پێنج كەسیان كوشت، لەلایەن دادگاوە بە زیندانی تاهەتایی سزا دران.

جێی باسە ئەو سێ هاووڵاتیە كوردی هەرێمی كوردستانن بە ناوەكانی ئارام كورد، هاوكار حەسەن و ئەركان عەلی، دوكانەكەیان لەسەر جادەی هینكڵێی لە ڕۆژی 25ی شوباتی پار تەقاندبووەوە، لە كاتێكدا لە نهۆمی سەرەوەی دوكانەكەیاندا، شوقەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی لێ بووە.

دادوەری شارەكە لەمبارەیەوە بڕیاری لە دژی تاوانبارەكان دا و راشیگەیاند كە تاوانبارەكان زۆر دڵڕەق بوون، بڕێكی زۆری نەوتیان بە دوكانەكەدا بڵاو كردووەتەوە و گڕیان تێبەرداوە، بەم هۆیەوە تەقینەوەیەكی گەورە دروست بووە، لە ئەنجامیشدا كارمەندێكی دوكانەكە، كە كچ بووە، گیانی لەدەست داوە، دایكێك و دوو منداڵەكەی و هاوڕێیەكی منداڵەكانیشی لە نهۆمی سەرەوەی دوكانەكە بوون، بەهۆی تەقینەوەكەی دوكانەكەوە گیانیان لەدەست داوە.

جێی باسە هەواڵی ئەم ساختەكارییەكەی دوكاندارە كوردەكان سەرەتا وەك رووداوێكی تەقینەوە بڵاو بووەوە، دوای بەدواداچوونی پۆلیس ئاشكرا بوو، خاوەنەكانی دوكانەكە ویستوویانە بەم شێوەیە فێڵ لە كۆمپانیای بیمە بكەن و قەرەبوو وەربگرن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.