بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، ھەڵوێستی حزبەكەی لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند، ھەرچەندە لەگەڵ ئەوەدان كە ھەڵبژاردنەكە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەو دۆخەی ئێستای كەركووكەوە، بە ھیچ شێوەیەك ناتواندرێت ھەڵبژاردن بكرێت.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق، پێشنیازی دایە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كە لە رۆژی ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ھەڵبژاردن لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام پارێزگاكانی ھەرێم ناگرێتەوە.
خەسرۆ گۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند" كۆمسیۆن پێشنیازی كردووە كە ھەڵبژاردنەكان لە كۆتایی ئەمساڵدا بكرێت، ھەڵبژاردنەكەیش ھەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، تەنیا مووسڵ، دیالە، سەڵاحەددین و كەركووك بەشی كوردستانی تێدایە، سەبارەت بە مووسڵ، دیالە و سەڵاحەددین، ئاساییە ھەڵبژاردنەكان بكرێت، بەڵام بەم دۆخەی ئێستای كەركووكەوە ھەڵبژاردنەكان رەت دەكەینەوە".
هەر لەبارەی كەركووكەوە، گۆران ڕایگەیاند: "لە ٢٠٠٥ـەوە تا ئێستا ھیچ ھەڵبژاردنێك لە كەركووك نەكراوە، كەركووك حاڵەتێكی تایبەتی ھەیە و پێویستی بە لێكتێگەیشتن و رێككەوتن ھەیە، ئێمە وەك كورد دژی ئەوە نەبووینە ھەڵبژاردنەكان بكرێت، بەڵام لایەنەكانی تر ناڕازی بوون، چونكە نەیاندەویست دان بە زۆرینەی كورددا بنێن لە كەركووك".
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، گوتیشی: "دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر بارودۆخەكە گۆڕاوە، خەڵكێكی زۆری ئێمە ئاوارە بوونە و دەستبەسەر كراون، ھەروەھا ڕێژەیەكی زۆری عەرەب بە تایبەت عەرەبە ھاوردەكان گەڕاونەتەوە و لە كەركووك نیشتەجێیان كردوونە، كە پشتر دەرچووبوون و ئێستایش قەرەبوو كراونەتەوە، بۆیە بە ڕای ئێمە دەبێت بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە لە كۆتایی ئەمساڵدا، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەكان بكرێت یان دەبێت لە كەركووك نەكرێت، وەك چۆن پێشتریش نەكراوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.