Erbil 17°C شەممە 16 تشرینی دووەم 10:28

کۆنسوڵخانەی بەریتانیا راگەیێندراوێکی "نەوەی نوێ" رەتدەکاتەوە

سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان باڵیۆزی بەریتانیاو شاسوار عەبدولواحید
کوردستان TV
100%


کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی راگەیێندراوێکی نەوەی نوێ سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان باڵیۆزی بەریتانیا و شاسوار عەبدولواحید بڵاوکردەوە و دەڵێت، کۆبوونەوەیان لەگەڵ هەر لایەنێک مانای پشتیوانی یان دژایەتی نییە، هەروەها پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

باڵیۆزی بەریتانیا رایگەیاندووە "ئێمە پەیوەندییەکی نایابمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوە گفتوگۆی ئەرێنی سەبارەت بە چاکسازییش دەگرێتەوە، کە ئێمە هیوادارین کاری لەسەر بکەین بۆ بەرژەوەندیی بەریتانیا و هەرێمی کوردستانی عێراق".

پێشتر لە راگەیێندراوەکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئەوە هاتبوو کە  باڵیۆزى بەریتانیا گوتوویەتی "ئەم شێوازە لە حوکمڕانی ناتوانێ خزمەتی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات و بەردەوامبێت. مەبەستمانە خەڵکی کوردستان بزانن ئێمە پشتیوانی حیزبی دەسەڵاتدار و ئەم شێوازە لە حوکمڕانی ناکەین".

دەقی روونکردنەوەکەی کۆنسوڵخانەی بەریتانیا:

ئێن ئاڕ تی بە نادروستی راپۆرتی لەبارەی کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی باڵیۆزی بەریتانیا جۆن ویلکس و سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید بڵاوکردووەتەوە.

لە باسی پەیوەست بە چاکسازیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، باڵیۆز روونیکردووەتەوە کە حکومەتی بەریتانیا پاڵپشتیی لە چاکسازییەکان دەکات بۆ پێدانی دەرفەتی زیاتر بە کەرتی تایبەت، میدیای ئازاد و کۆمەڵگەی مەدەنی. شەفافییەتی زیاتر بۆ داهاتوویەکی پرشنگدار گرنگ دەبێت. 

باڵیۆز لەو کۆبوونەوەیەدا روونیکردووەتەوە، دیپلۆماتکارەکان بەشێوەیەکی فراوان لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا پەیوەندیان هەیە، بەڵام ئەمە بە واتای پشتیوانیکردن یان دژوەستان نییە. 

رۆڵی لەپێشینەی ئێمە بەشداربوونە لەگەڵ حکومەتەکان بۆ پتەوکردنی بەرژەوەندییە دوولایەنەکان. ئێمە پەیوەندییەکی نایابمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوە گفتوگۆی ئەرێنی سەبارەت بە چاکسازییش دەگرێتەوە، کە ئێمە هیوادارین کاری لەسەر بکەین بۆ بەرژەوەندیی بەریتانیا و هەرێمی کوردستانی عێراق.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.