هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە ڕایانگەیاند ڕێککەوتون دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بکەن و سەرەڕای شاندی دانوستانکار هەردوو مەکتەبی سیاسیش بەردەوام دەبن لە کۆبوونەوەکانیان.
ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری هەولێر لە ئاستێکی باڵا بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت رەسول کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکەش مەحموود محەممەد و سەعدی پیرە، گوتەبێژانی هەردوو مهكتهبی سیاسی پارتی و یهكێتی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا.
مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: هەماهەنگی پارتی و یەکێتی گرنگە و لە کۆبوونەوەکە باسمان لە کێشەکانی کەرکووک و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کردووە. دەبێت پەلەش بکرێت لە پێکهێنانی حکومەت.
ئاماژەی بەوەشدا: پێویستە بڕیارەکانی پێکهێنانی حکوومەت بچنە قۆناغی کرداریی و پارتی و یەکێتی لیژنەیەکی هاوبەشی لێکتێگەشتن پێکدەهێنن.
مەحمود محەمەد ڕوونیکردەوە لیژنەیەکمان پێکهێناوە کە لە هەر لایەک سێ ئەندامی مەکتەبی سیاسی تێدا بەشدار دەبێت و کاری ئەو لیژنەیە بریتی دەبێت لە گفتوگۆکردنی بەردەوام لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمەوە.
مەحموود محەمەد لە بابەت ناوەڕۆکی کۆوبوونەوەکە گوتی، راشکاوانە باسمان لەوەکرد کە دەبێ خێراتر و جیددیتر بڕیارەکانمان وەربگرین و بیخەینە بواری کردارییەوە، هەروەها باسیشمان لەوە کرد کە دەبێ لیژنەی دانوستان چالاکتر بکرێت بۆ ئەوەی پرسی پێکهێنانی کابینەی دابێ زووتر یەکلابکرێتەوە و سەقفێکی زەمەنی بۆ ئەو بابەتە هەبێ.
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی، کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی زەقنەبوون، بەڵکوو گەورە کراون، دەبێ پارتی و یەکێتی رێککەوتنێکی سیاسی هاوبەشیان هەبێ، چونکە هەماهەنگی هەردوولا سوودی زۆری بۆ کوردستان دەبێ. هەروەها گوتی کە هەنگاوی یەکەمیان پێکهێنانی کابینەی نوێ دەبێ بۆ حکوومەتێکی بەهێز.
بڕیاریشە کۆبوونەوەکان لە نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بەردەوامیان هەبێ و لیژنەکانیش دەست بکەن بە کۆبوونەوەی خۆیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.