Erbil 11°C ھەینی 15 تشرینی دووەم 23:46

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا: کورد له‌ رێزی پێشه‌وه‌ی هاوپه‌یمانه‌کانی فه‌ره‌نسایه‌

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا سه‌ردانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
کوردستان TV
100%

جان ئیڤ لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌ركاتێك له‌وه‌ دڵنیابوونه‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی سووریا به‌شێوه‌یه‌كی سیاسییانه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌، ئه‌وا هێزه‌كانیان له‌و وڵاته‌ ده‌كشێننه‌وه‌. 

ئاشكراشیكرد، كه‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا سه‌ردانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بكات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكانیان كۆببێته‌وه‌.

لۆدریان له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "سی نیوز"ـی فه‌ره‌نسی گوتی: "هێزه‌كانمان‌ له‌ عێراق ماون، هه‌روه‌ها به‌ڕاشكاوانه‌ ده‌یڵێم تا ئێستا له‌ سووریاش له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان بوونمان هه‌یه‌".

لۆدریان دووپاتیكرده‌وه‌، "به‌رده‌وامییدان به‌ جه‌نگی دژ به‌ داعش له‌ ناوچه‌كه‌، له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانی وڵاته‌كه‌مه‌"، گوتیشی: "كورد له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی هاوپه‌یمانه‌كانی فه‌ره‌نسایه‌، چونكه‌ له‌ جه‌نگی دژ به‌ چه‌كدارانی داعش رۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاشی له‌ سووریا به‌ "مه‌ترسیدار" ناوبرد، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌مه‌ریكا كورد و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات رووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌كاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین رۆڵیان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش گێڕاوه‌، بۆیه‌ به‌م بڕیاره‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وان ده‌كه‌ونه‌‌ مه‌ترسییه‌وه‌".

هه‌روه‌ها پێداگیریشی كرد، "پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و له‌لایه‌ن دۆستان و هاوپه‌یمانانی فه‌ره‌نساوه‌ پارێزگاری له‌ ئاسایشی كورد بكرێت, چونكه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش رۆڵێكی كارایان هه‌بووه‌".

روونیشیكرده‌وه‌، "پێویسته به‌شار ئه‌سه‌د،‌ سه‌رۆكی سووریا بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی له‌ وڵاته‌كه‌ی پرۆسه‌یه‌كی سیاسی هه‌بێت، ئه‌وكات به‌بێ گومانی فه‌ره‌نساش هێزه‌كانی له‌ سووریا ده‌كشێنێته‌وه‌".

هه‌ر له‌و دیداره‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، "له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا سه‌ردانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكانیان كۆ ده‌بێته‌وه‌"، به‌بێ ئه‌وه‌ی كاته‌كه‌ی دیاری بكات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.