Erbil 19°C ھەینی 15 تشرینی دووەم 17:33

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە هەولێر
کوردستان TV
100%

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9/1/2019 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و شاندێكی باڵای یاوه‌ری كرد. له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، به‌ڕێز پامپیۆ خۆشحاڵیی خۆی به‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ ناوچه‌كه‌ و هه‌رێمی كوردستان نیشان دا.

دواتر باس له‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و پێشهاته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرا و مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر و كاری هاوبه‌ش بۆ بنبڕكردنی گفتوگۆ كرا. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گفتوگۆكانی هه‌ولێر ـ به‌غدا كه‌ به ‌هۆیه‌وه‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر كراون به‌رز نرخاند و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا وه‌ك هاوبه‌شی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا كرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌ و كاری هاوبه‌شی زۆری له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان ئه‌نجام داوه‌‌ و به‌رده‌وامیی كاری هاوبه‌شی بۆ ڕێگریكردن له‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر به‌پێویست زانی به‌تایبه‌ت له‌وناوچانه‌ی كه‌ له‌ بواری ئاسایش و سه‌قامگیریدا هیچ هه‌نگاوێكی تیادا نه‌نراوه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای دووپات كرده‌وه‌.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی له‌ كابینه‌ی حكوومه‌تی به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات و خۆیشی‌ تیادا به‌شداره‌ و هه‌وڵ بۆ سه‌رخستنی كاروباره‌كانی ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ گفتوگۆیه‌كی ئه‌رێنی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌ و هه‌رچه‌نده‌ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ندێك كێشه‌ پێویستی به‌ كاتی زیاتره‌، به‌ڵام زه‌مینه‌سازی بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی جددی هه‌یه‌ و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ هاوكاریی وڵاتانی دۆست به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكای به‌ پێویست زانی.

به‌ڕێزیان پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕیفۆرمانه‌ پێشكه‌ش كرد كه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت جێبه‌جێ ده‌كرێن و داوای كرد له‌ ڕووی شاره‌زایی و پسپۆڕییه‌وه‌ هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنی باشتری چاكسازییه‌كان و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی كاروباره‌كانی حكوومه‌ت. تاوتوێكردنی دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌كه‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.