سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی شەوی رابردوو گەیشتە هەولێر، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی جەژنی رۆژووی کوردانی ئێزدی، سەردانی پەرستگەی لالشی کرد.
حەلبووسی رایگەیاند، ئێزدییەکان پێکهاتەیەکی گرنگی عێراقن و فەرامۆش ناکرین، دەشڵێت لە پەرلەمانی عێراق کاردەکەن بۆ پرسی قەرەبووکردنەوەی کوردانی ئێزدیی و گەڕانەوەی ئاوارەکان. هاوکات رۆڵی حکومەتی هەریمی کوردستانی بەرز نرخاند لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئەمڕۆ خۆشحاڵبووین بەسەردانیکردنمان بۆ شارۆچکەی شێخان و پەرستگەی لالش بەیاوەری ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەمەبەستی پیرۆزبایی لە هاووڵاتییانی عێراقی و برایانی ئێزیدیمان بەبۆنەی جەژنی رۆژووگرتن، هیوای تەندروستی باش و خۆشگوزەرانیمان بۆ خواستن. چونکە ئەوانیش مافیانە دڵخۆش بن بەبۆنەی جەژنیانەوە کە ماوەیەک بوو جەژن و شادی لە عێراق وەستابوو بەهۆی ئەو نەهامەتی و ماڵوێرانییانەی کە عێراقییەکانی گرتبووەوە بەتایبەتی ئەو کارەساتە گەورە و ماڵوێرانییەی رۆڵەکانی برایانی ئێزیدیمان رووبەڕووی بوونەوە لەژێر دەستی گرووپی توندڕەوی تیرۆریستانی داعش کە زۆربەی شارەکانی وێران کرد و بەشێوەیەکی گشتیی زیانی بەهاووڵاتییانی عێراقی گەیاند، بەتایبەتیش کارەساتێکی مرۆییشی بەسەر برا و خوشکانی ئێزیدیمان هێنا کە پەڵەیەکی رەشی بەسەر نێوچاوانی هەموو مرۆڤایەتییەوە هێشتەوە".
حەلبووسی گوتی: "ئەوان بەشێکی دانەبڕاون لە پێکهاتەکانی گەلی عێراق. ئەم جەژنەی برایانی ئێزدی مایەی شانازییە بۆ ئێمەش چونکە ئایین و نەژاد و کولتووریان بەشێکە لە کولتوور و دابونەریتی عێراقی کە عێراق بە فرەرەنگیی و تایبەتمەندییەکانیانەوە دەوڵەمەندە.
وتیشى" ئەوان ئەمڕۆ لەسەر پێیەکانیان وەستاون سەرباری هەموو ئەو تەحەدی و نەهامەتییەی رووبەڕوویان بووەوە، ئەمەش بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانمان بەفەراهەمکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ برایانی ئێزدی".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.