Erbil 14°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 21:45

فه‌ڕه‌نسا 100 یۆرۆی زیاتر ده‌خاته‌ سه‌ر که‌مترین مووچه‌ی مانگانه‌

له‌ ساڵی 2019
کوردستان TV
100%

سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن رایگه‌یاند كه‌ بێ ئه‌وه‌ی باجی زیاتر بخاته‌ سه‌ر كۆمپانیاكان، له‌ ساڵی ٢٠١٩، ١٠٠ یۆرۆی زیاتر ده‌خاته‌ سه‌ر كه‌مترین مووچه‌ی مانگانه‌.

ماكرۆن له‌ كۆشكی ئیلیزێ گوتارێكی بۆ ھاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد و لێدوانی له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی یه‌له‌ك زه‌رده‌كان دا.

ماكرۆن رایگه‌یاند كه‌ به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك له‌ رووداوه‌كانی توندوتیژی نابورێت و ھیچ توندوتیژیه‌ك به‌رامبه‌ر پۆلیس ره‌وایه‌تی پێ نادرێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ پێویسته‌ بێ ده‌نگی باڵ به‌سه‌ر دۆخه‌كه‌دا بكێشێت.

سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا ئه‌وه‌یشی راگه‌یاند كه‌ توڕه‌بوونی خه‌ڵكی له‌بیرنه‌كردووه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ھۆی گرانبوونی نرخی سووته‌مه‌نی ده‌ستیپێكردووه‌ و پاشانیش قوڵتر بووه‌ته‌وه‌.

ماكرۆن ئاشكراشی كرد كه‌ باری نائاسایی له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری راگه‌یاندووه‌ و جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئاگاداری ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌رووی ئابوورییه‌ كاتێكی سه‌خت تێپه‌ر ده‌كه‌ن.

سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه‌ ئێستا ھه‌ڵه‌كانی كۆتا ٤٠ ساڵی رابردوو سه‌ریھه‌ڵداوه‌ و بۆ چاككردنه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ش ھاتووه‌ته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و بۆ ئه‌مه‌ش گشت به‌رپرسیارێتییه‌كی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌.

ماكرۆن راشیگه‌یاند كه‌ ده‌یانه‌وێت فه‌ڕه‌نسایه‌كی نوێ بونیات بنێن و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ بێ ئه‌وه‌ی باجی زیاتر بخاته‌ سه‌ر كۆمپانیاكان، له‌ ساڵی ٢٠١٩، ١٠٠ یۆرۆی زیاتر ده‌خاته‌ سه‌ر كه‌مترین مووچه‌ی مانگانه‌.

ماكرۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٩وه‌ باج له‌ مووچه‌ی ده‌وامكردنی زیاده‌ وه‌رناگیرێت.

ماكرۆن ئاشكراشی كرد كه‌ ئیتر ئه‌و مووچانه‌ی خانه‌نیشی كه‌ له‌ خوار دوو ھه‌زار یۆرۆ دان، نابڕدرێن و ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌م بڕیارانه‌ سبه‌ینێ له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیران، ئێدوارد فلیپ پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان ده‌كرێت.

سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا راشیگه‌یاند كه‌ حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی كاری پێویست له‌باره‌ی قاچاخچییه‌كانی باج ده‌ستپێده‌كه‌ن و به‌م شێوه‌یه‌ نادادپه‌روه‌ری له‌ناو ده‌به‌ن.

ماكرۆن باسی له‌ كێشه‌ی كۆچبه‌ران كرد و رایگه‌یاند كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان سه‌ردانی گشت سه‌رۆكه‌كانی شاره‌وانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.