دلاوهر ئاژگهیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: لهبارهی ئهو خاڵانەی کە لە لایەن نوێنەرایەتیی هەرێمەوە دراونەتە باڵیۆزی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا بڕیاره دوای پێكهاتنی حكوومهتی نوێی عێراق، مانگی 12ی ئهمساڵ، شاندێكی یهكێتی ئهورووپا، بەمەبەستی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، سەردانی بەغدا و هەولێر بکەن، بهو پێیهی كه ستراتیژی یەکێتیی ئەورووپا ئهوهیه كه هەرێمی کوردستان لەناو عێراقی فیدراڵدا بەهێز بێت و مافەکانی بەغدا و هەرێمیش لە دەستووردا چۆن هاتوون، بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێن.
ئاژگەیی گوتیشی: داوامان کردووە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا كردووه ڕۆڵێکی گرینگ بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ببینن تاكوو فشار بخرێتە سەر بەغدا، بۆ ئەوەی ئەو هەڵانەی پێشتر بەرامبەر هەرێمی کوردستان کردوونی، دووبارە نەبنەوە و دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت.
راشیگهیاند: بە دیکۆمێنت تەعریبکردنی کەرکووک و ناوچەکانی دهرهوهی ئیداری ههرێمیان داوەتە باڵیۆزی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، کە لەلایەن پارێزگاری داسەپێندراوی ئێستای شارەکەوە پیادە دەکرێن.
هاوکات جەختیشیان لەسەر بوودجەی ساڵی 2019ی عێراق کردووەتەوە، کە مافی تەواوی کوردی تێدا نییە.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، ستراتیژییە نوێیەکەی یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بارودۆخی عێراق، بە سوودی هەرێمی کوردستانی دەزانێت بەو پێیەی لە لایەن هەر بیست و ههشت وڵاتەکەی ئەندامی ئەو یەکێتییەوە داڕێژراوە، لەبەر ئەوەی سەرجەمی خاڵە ناکۆکی و دەستوورییەکانی چارەکردنی بارودۆخی عێراق و هەرێمی تێدا نووسراون، کە دەبێت بە پێی دەستوور سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن.
ئاشكراشیكرد: هەر لەو ستراتیژییە نوێیەشدا هاتووە، کە دەبێ سەرجەمی خاڵە دەستوورییەکان جێبەجێ بکرێن، نەک تەنیا ئەو خاڵە و ماددەیەی کە حکوومەتی عێراق دەیەوێت جێبەجێ بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.