Erbil 9°C ھەینی 07 شوبات 23:16

فازڵ میرانی: پارتى بۆ پێکهێنانی حکوومەت سەردانی لایەنەکان دەکات

میرانی لەگەڵ شاندێكى پارتی پارێزگارانی كوردستان كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
100%

لە دیداریدا لەگەڵ شاندی پارتی پارێزگارانی كوردستان، فازڵ میرانی  سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتى ڕایگەیاند، پارتی كە براوەی یەكەمە، سەردانی لایەنەكان دەكات بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی، پێشوازی لە نەجات سوورچی، سەرۆكی پارتی پارێزگارانی كوردستان و شاندی یاوەری كرد.

لە دانیشتنێكدا، كە عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی پارتی ئامادەی بوو، فازڵ میرانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، تیشكی خستە سەر رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و، جەختی لەوە كردەوە كە دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەستەی دادوەری و بانگهێشتی پەرلەمانتاران بۆ كۆبوونەوە، شاندی پارتی كە براوەی یەكەمە، سەردانی لایەنەكان دەكات بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان، بە ئومێدی پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز كە لە خزمەت میللەتی ئێمەدا بێت و ئەولەویاتیشی، ئاساییش و بژێویی هاوڵاتیان بێت.

میرانی، هەروەها گوتیشی، پارتی هەردەم كوردایەتیی كردووە و خۆی بە پارێزەری دەستكەوتە نیشتمانییەكان دەزانێ و بە پەرۆشەوە جەخت لە یەكڕیزی و هاوهەڵوێستیی نیشتمانیی كوردستان دەكاتەوە وەك بنەمایەكی گرینگ بۆ پاراستنی ئەم دەستكەوتانە.

لەلای خۆیەوە، شاندی پارتی پارێزگارانی كوردستان سوپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسییان كرد بۆ ئەم پێشوازییە و، تەئكیدیان كردەوە كە ئاشتی و ئۆقرەیی سیاسی و ئەمنی گرینگە لە پێناو یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و تەبایی ناوماڵی كورد، كە ئەمە ئەركی سەرجەم لایەنەكانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.