Erbil 9°C ھەینی 07 شوبات 23:06

کرێی خوێندنی کوڕو کچانی شەهیدان خەرج ده‌کرێت

لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارەکە خەرج دەکرێت
کوردستان TV
100%

گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، کە بڕیاری خەرجکردنی کرێی خوێندنی ساڵی ٢٠١٦ -٢٠١٧ی کوڕ و کچی شەهیدان دەرکراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارەکە خەرج دەکرێت.

پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییانی کوڕ و کچی شەهیدان لە زانکۆ ئەهلیەکان، گازاندەی ئەوەیان کرد کە زانکۆکانیان فشاریان لێ دەکەن، تاوەکو خۆیان کرێی خوێندنی ساڵی ٢٠١٨ - ٢٠١٩ بدەن، بەهۆی ئەوەی ماوەی دوو ساڵە حکوومەت کرێی خوێندنی بۆ نەداون.

ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی ١٠ی ٢٠١٨، فواد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە باسنیوزی ڕاگەیاند:”ئێمە ڕێککەوتنمان لەگەڵ زانکۆکان هەیە و حکوومەتی هەرێمیش نووسراوی بۆ کردوون کە نابێ بەهیچ شێوەیەک فشار بخەنە سەر کوڕ و کچی شەهیدان و حکوومەت خۆی کرێیەکەیان لە ئەستۆ دەگرێت“.

ڕوونیشی کردەوە کە لەبەر ئەو بارە داراییەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، کرێی خوێندنی کەسوکاری شەهیدان بۆ ساڵانی ڕابردوو ماوەتەوە، بەڵام ئێستا بڕیاری خەرجکردنی کرێی خوێندنی ساڵی ٢٠١٦ - ٢٠١٧ دراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارەکە دابەش دەکرێت“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو بڕیارەی دراوە، هەم کرێی خوێندن و هەم دەرماڵەی هاتووچۆ و نیشتەجێبوون بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونیان دەخوێنن، خەرج دەکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دووپاتی کردەوە: ”نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران بۆ زانکۆکان نێردراوە کە داوای پارە لە کەسوکاری شەهیدان نەکەن، تەنیا ئەوانەی ساڵی یەکەم وەردەگیرێن قستی یەکەمى خۆیان دەدەن و دواتر لای ئێمە وەری دەگرنەوە“.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.