Erbil 12°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 17:43

سه‌رۆکى نوێى کۆمارى عێراق هه‌ڵبژێردرا

دواى پاشكه‌زبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى له‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ل پارتى بۆ دیاركردنى یه‌ك كاندید
کوردستان TV
100%

دواى پاشكه‌زبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى له‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ل پارتى بۆ دیاركردنى یه‌ك كاندید، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقدا، خولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردن بۆ پۆستى سه‌رۆكى كۆمار ئه‌نجامدراو به‌رهه‌م ساڵح كاندیدى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران، كه‌ زۆربه‌یان سه‌ربه‌ لیستى لایه‌نه‌ شیعه‌كان بوون، به‌ سه‌رۆكى نوێى كۆمارى عێراق هه‌ڵبژێردرا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران دواى ئه‌وه‌ هات، كه‌ به‌ هۆى بوونى چه‌ند كاندیدێكى كورده‌وه‌، ئێواره‌ى رابردوو، رێژه‌ى دانیشتنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ته‌واو نه‌بوو و به‌و هۆیه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواخرا بۆ ئه‌مڕۆ.

له‌ دوێنێوه‌ شاندێكى پارتى دیموكراتى كوردستان و شاندێكى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌ن و كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌كان له‌ به‌غدان.

دواى بیست و چوار كاتژمێر گفتوگۆى چڕى نێوان هه‌ردوو شاندى پارتى و یه‌كێتى له‌ به‌غدا، هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن، یه‌كێتى كاندیدى خۆى بۆ پۆستى سه‌رۆكى كۆمار بكێشێته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا كورد به‌ یه‌ك كاندید بچێته‌ هۆڵى په‌رله‌مانه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى رێككه‌وتنى هه‌ردوولا، فوئاد حوسێن وه‌ك كاندیدى كورد ده‌چووه‌ هۆڵى په‌رله‌مان و به‌رهه‌م ساڵح له‌ كێبڕكێى وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆكى كۆمار ده‌كشایه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى زانیارییه‌كان ، پارتى رازى بوو، كه‌ به‌شێكى به‌رچاوى ئیستحقاقى هه‌ڵبژاردنى خۆى و پۆسته‌ سیادییه‌كانى دیكه‌ى حكومه‌ت بداته‌ یه‌كێتى له‌ به‌رامبه‌ر كشانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح له‌ كێبڕكێى پۆستى سه‌رۆكى كۆمار.

به‌لام دواى رێككه‌وتنه‌كه‌، یه‌كێتى پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه‌ له‌و رێككه‌وتنه‌یه‌و داوایكردووه‌، پۆستى سه‌رۆكى كۆمار په‌نجا به‌ په‌نجا دابه‌ش بكرێت و دوو ساڵ بۆ پارتى و دوو ساڵ بۆ یه‌كێتى بێت.

په‌شیمانبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى له‌ كاتێكدا بوو، كه‌ پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ پۆستى سه‌رۆكى كۆمارى عێراق ده‌ستیپێكربووه‌.

له‌ سه‌روبه‌ندى ده‌ستپێكى پرۆسه‌ى ده‌نگداندا كاندیده‌كانى پۆستى سه‌رۆكى كۆمار ره‌خنه‌یان له‌ ئالیه‌تى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار گرت.

له‌م باره‌وه‌ مه‌سعود حه‌یده‌ر، ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران، رایگه‌یاند، یه‌كێتى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى تێكدا كه‌ له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌نجامیدابوو.

گوتیشى" یه‌كێتى فێڵیان كرد و ره‌چاوى هیچیان نه‌كرد و ئه‌و رێككه‌وتنه‌شیان پێشێلكرد، كه‌ ئه‌نجامیان دابوو.

له‌ په‌یامێكیشدا، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى رایگه‌یاند، بەڕێوەچوونی ئێستای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق پێچەوانەی ئەو نەریتەیە كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە گەڕەكانی ڕابردوو پەیڕەو كراوە. یان دەبوایە كاندیدێكی كورد لەنێو گەورەترین كوتلە بەربژێر كرابا یانیش فڕاكسیۆنە كوردییەكان یەكلاییان كردبا.

سه‌رۆك بارزانى له‌ په‌یامێكدا كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، راشیگه‌یاند، ئەو ئالیەتەی ئێستا بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نیە و لە داهاتوویەكی نزیكدا هەڵوێستی خۆمان دەبێت.

دواتر فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌" له‌وكاته‌دا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه،‌ كه‌ باوه‌ڕمان به‌ میكانیزمی دیموكراتیه‌ت و بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌یبینین و له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری عێراق تێبینی ده‌كه‌ین، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی رێككه‌وتنی نێوان كوتله‌ كوردستانییه‌كان ناگونجێت".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك كاندید رێك بكه‌ون بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، یانیش به‌ هه‌ڵبژاردن له‌نێوان كوتله‌ كوردستانییه‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه، كه‌ هه‌رگیز ئه‌مه‌ رووینه‌دا.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌" هه‌ر بۆیه‌ لێره‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نین، كه‌ ئه‌و میكانیزمه‌ له‌لایه‌ی ئێمه‌وه‌ هه‌رگیز قابیلی قبووڵ نییه‌ و له‌ داهاتوودا هه‌ڵویستێكی روونمان له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌بێت و ئه‌و لایه‌نانه‌ی رێككه‌وتنه‌كانیان پێشێلكردووه‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌و كاره‌یان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن".

جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه‌، "له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ كشاندنه‌وه‌ی كاندیدی خۆمان له‌و پرۆسه‌یه‌ راده‌گه‌یه‌نین".

دواى پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى له‌ رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان و به‌ڕێوه‌چوونى خولى یه‌كه‌مى پرۆسه‌ى ده‌نگدانى نهێنى، كاندیدى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ پۆستى سه‌رۆكى كۆمار، فوئاد حوسێن كشانه‌وه‌ى خۆى راگه‌یاند. 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.