لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، دەستەڵاتی بەزۆر سەپێندراوی كەركووك بە پیلانێكی پێشتر داڕێژراو، به چاو ساغی چهند كهسێكی یهكێتی كهركووك و ناوچه دابڕێنراوهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی كوردستان رادهستی حهشدی شهعبی و ملیشیا عێراقییهكان كرا، ههر له دوای 16ی ئۆكتۆبهر كورد لە ئیدارەی كەركووك تا ئێستا دەیان بەڕێوەبەری كورد لە كارەكانیان دوور خراونەتەوە.
هەفتەی رابردوو، پارێزگاری كەركووك بڕیاری لەسەركارلادانی پێنج بەڕێوەبەری كوردی سنووری كەركووكی دەركرد. نوێنەرێكی خەڵكی كەركووكیش دەڵێ، عەرەباندن ھەموو كەرتەكانی گرتووەتەوە و ھاوردەكردنی عەرەب بۆ داگیركردنی خاكی كوردستان، بەردەوامە.
لەو بارەیەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پڕۆسەی بەعەرەبكردنی كەركووك بەردەوامە و بگرە زیادیشی كردووە، چونكە تەنیا لە حەفتەی رابردوودا لەلایەن ئیدارەی سەپێندراوی پارێزگای كەركووكەوە، پێنج بەڕێوەبەری دیكەی كورد لەسەر كارەكانیان دوور خراونەتەوە و لادراون، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر چەندین بەڕێوەبەری دیكەی كورد لەسەر كارەكانیان لادراون و كەسانی عەرەب و شۆڤێنی لە شوێنیان دانراون".
بەپێی زانیارییەكانی بەرپرسانی كورد لە كەركووك، عەرەبی شۆڤێنی لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە بە لێشاو ھاوردەی كەركووك دەكرێن و لەسەر زەویی كورد جێگیر دەكرێن.
گوتیشی: عەرەباندن ھەموو جۆمگەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئیداریی گرتووەتەوە و، بەردەوام عەرەب ھاوردەی كەركووك دەكرێن و لەسەر زەویی كورد جێگیر دەكرێن، بە تایبەتی لەو سنوورانەی لەگەڵ ناوچە عەرەبنشینەكاندا ھاوبەشن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.