Erbil 15°C چوارشەممە 23 تشرینی یەکەم 21:02

مه‌سروور بارزانی: پارتی ناسنامه‌ی کوردستانی پاراست

له‌ ئاهه‌نگی ناساندنی كاندیدانی پارتی ژماره‌ 183ی له‌ ئاكرێ
کوردستان TV
#7
100%


پارتی به‌ڵێنیدا بنیاتنانی كوردستانێكی به‌ھێز به‌ ده‌نگده‌رانی كوردستان ده‌دات و پێیوایه‌ بۆ "ئه‌وه‌ی كوردستان به‌ھێز بێت، ده‌بێت پارتی به‌ھێز بێت.
 مه‌سروور بارزانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ رێوڕه‌سمی بانگه‌شه‌كردنی لیستی 183 پارتی له‌ شارۆچكه‌ی ئاكرێ، وتارێكی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند:

مه‌سروور بارزانی رایگه‌یاند پێویسته‌ به‌ هه‌موومان كاندیدانی پارتی سه‌ربخه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستان زیاتر بێت. داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان.

مه‌سروور بارزانی: پارتی هه‌موو كات له‌ به‌رپرسیاریه‌ت رای نه‌كردووه‌ شانی داواته‌ پاڵ.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ مەسروور بارزانی لە گوتارێكیدا لەئاكرێ ڕایگەیاند، خەڵكی ئاكرێ ڕۆڵی هەبووە لە بەرگری كردن لە كوردستان و دووپاتتان كردەوە كە پارتی ناكەوێ‌، بۆیە پێویستە جارێكی تر لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول پارتی سەربخەن و سەركەوتنێكی تر تۆمار بكەن.

مه‌سرور بارزانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا رایگه‌یاند: له‌م ده‌ڤه‌ره‌ ته‌نها پارتی رێبازی سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه‌.

مه‌سروور بارزانی گوتی به‌رنامه‌ی پارتی ئه‌وه‌یه‌ زیاتر خزمه‌تی ماڵی پێشمه‌رگه‌ و ده‌كات و زیاتریش ماڵی شه‌هیدان به‌سه‌رده‌كاته‌وه‌.

بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان

خوشک و برایانی هێژا و بەڕێز

خەڵکی قارەمانی دەڤەری ئاکرێ و بەردەڕەش

بەخێرهاتن سەرچاوان

زۆر سوپاستان دەکەم ئەو دەرفەتەتان پێدام لە خزمەتتاندا بم کە لێرە پەیمان بە یەکتر بدەین رۆژی 30ی 9 هەموو بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لیستی 183ی پارتی دیموکراتی کوردستان سەربخەین.

خوشک و برایانی هێژا

ئاکرێ و ئەو دەڤەرە بە شێوەیەکی گشتی، دەرگەی راپەڕین بوو بۆ بادینان، لەو رۆژەوە بە خوێن و زەحمەتیی خۆتان سەلماندتان کە پشتیوانی ریبازی بارزانیی نەمر و خوێنی شەهیدان و پارتی دیموکراتی کوردستانن.

هەڤاڵانی هێژا

هێندەی ڕژێمی شۆڤێنیی پێشتر لە عێراق هەوڵی دا کە شوێنەواری کوردەواری و نیشتمانپەروەری لە کوردستان و بە تایبەت ئەو ناوچەیە نەهێڵن، بەڵام بە خۆڕاگریی ئێوە و قوربانیتان، سەلماندتان کە چۆن قەڵای ئاکرێ بەناوبانگە، ئەو دەڤەرە قەڵای پارتی و ڕێبازی سەرفرازی و سەربەخۆبوونە.

خوشک و برایانی هێژا

ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمە گرنگە، چونکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە هەڤاڵانی هەڵبژێردراوی ئێوە دەچنە پەرلەمان، ئەو بڕیارانەی لە پەرلەمان دەدرێن، کاریگەری لەسەر چارەنووسی کوردستان و ژیانی ئێوە دەبێ. ئەو هەڵبژاردنە و کاندیدانە هی ئێوەن و پێویستە لە پەرلەمان هەندێک بڕیار بدەن کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی ئێوە بدەن. بیر لەوە بکەنەوە کە ئەگەر کاندیدانتان نەچێتە پەرلەمان، کاندیدی خەڵکی دیکە بچێ و ئەوکاتە بڕیارەکان ڕەنگە لە بەرژەوەندیی کوردستان و ئێوەدا نەبێت. بۆیە پێویستە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و ئەو کاندیدانە بنێرنە پەرلەمان کە ئێوە باوەڕتان پێیانە.

خوشک و برایانی هێژا

هێشتا ڕێگەیەکی درێژ بۆ دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان لەبەردەمماندایە، بۆیە ئێمە دەبێ ڕێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانی سەرکێشی ئەو دۆزە بێت، هەرچەندە هیچ ساڵێک پارتی موساوەمەی لەسەر مافی خەڵکی کوردستان نەکردووە و لە قۆناغی داهاتووشدا موساوەمە لەسەر مافی ئێوە و خەڵکی کوردستان ناکات و ئیشەڵا بە دەنگی ئێوە، هەنگاو بۆ سەرکەوتنی دیکە بنێت.

خوشک و برایانی هێژا

ئێمە هەموو دەزانین لەم ماوەی چوو، تووشی زۆر کێشە و گرفت و هێرشی دوژمنانی تیرۆریست و پیلانی ناحەزان بووین، هەمووان دەیانویست کوردستان وەکوو قەوارەیەک و وەک نیشتمانێک بوونی نەمێنێت، بەڵام قارەمانانی ئەم میللەتە و پێڕەوانی ئەو ڕێبازە و قوتابخانەی ڕێبازی پارتی و بارزانی، پێش هەموو خەڵک، سینگی خۆیان کردە قەڵغان بۆ بەرگریکردن لە دەستکەوتەکان و دەستکەوتی زیاتریش لە داهاتوو بەدەست بهێنێت.

هەڤاڵانی هێژا

رەنگە هەموو وەکوو تاک و کەس، هەندێکجار بیر بکەنەوە و بڵێن کێ بۆ ئێمە چی کردووە و بۆچی پێویستە بچینە هەڵبژاردن؟ داواکاریی من لە هەموو ئەندامانی پارتی و لایەنگر و پەیڕەوانی ڕێبازی پارتی و بارزانی ئەوەیە کە هەر کەسێک ئەو پرسیارەی لێتان کرد، بە سەرێکی بەرز بڵێن، ئێمە ڕۆحمان بە ئێوە دا، ئێمە خوێنمان بە ئێوە دا.

پێشمەرگە و ئەو قارەمانانەی لە سەنگەر و چەپەرەکانی بەرگریدا بوون، بۆ خۆیان بە تەنیا نەبوو، بۆ هەموومان بووە. ئەوانەی لە ماڵی خۆشیان دانیشتوون، دەبێ بزانن ئێمە هەمووان قەرزاری خوێنی ئەو شەهیدانەین. ئەمڕۆ لەسەرمان ئەرکە وەفادار بین بەرامبەر ئەو هەموو زەحمەتییانەی شەهیدان و پێشمەرگەکانی خۆمان. وەفادار بین بەرامبەر ئەو پەیامە و ئەو ڕێبازە سەربخەین و بەرەو سەرکەوتنێکی دیکە لە ٣٠ی مانگی ٩ هەنگاو بنێین و بە هەمووان بڵێین کە قوتابییانی ئەو ڕێبازە و خوێندکارانی ئەو زانینگەیە و ئەو شەهیدانەی خۆیان کردە قوربانی، لە پێش چاومانە و ئێمە ئامادەین نەک بە دەنگمان، بەڵکوو بە خوێن و سەر و ماڵی خۆمان وەفادار بین بەرامبەر خوێنی ئەو شەهیدانە و خەباتی ئەو پێشمەرگانە.

هەڤاڵان و خوشک و برایانی هێژا

زۆرجار گوتوومانە دەبێ حکوومەتێکی بەهێز هەڵبژێردرێت، درووشمی ئەم هەڵبژاردنەش ئاواکردنی کوردستانێکی بەهێزە، لەبیر نەکەین کە کوردستانێکی بەهێز لە دەنگی ئێوەوە دەست پێدەکات، چونکە ئەگەر ئێوە هەموو بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بەو کاندیدانە بدەن کە باوەڕتان پێیان هەیە، بەرگری لە مافتان دەکات و موساوەمەی لێ ناکات و ئامادە نابێت کوردستان بفرۆشێ، ئەوانە بەرگری لە مافی ئێوە دەکەن و ئێوەش پشتیوانی دامەزراندنی حکوومەتێکی بەهێز دەبن کە ئەو حکوومەتە لە خزمەتتاندا دەبێ.

هەڤاڵانی هێژا

پارتی لە ڕۆژی دامەزراندنی تا ئەمڕۆ مەبەستی ئەوە بووە خزمەتکاری میللەتی خۆی بێ و بەرنامەی ئەوەیە کە میللەت سەروەر و دەسەڵاتدار و بڕیاردەر بێت. لای ئێمە ڕێبازی پارتی و بارزانی، دەسەڵات خزمەتکاری ئێوەیە و ئێوە بڕیاردەرن و ئێوە بە دەنگی خۆتان بڕیار دەدەن کە چارەنووسی کوردستان چۆن دەبێ و پەرلەمانی کوردستان لە لای کێوە دێتە پێکهێنان. ئەگەر کاندیدانی پارتی ئیشەڵا سەرکەوتنێکی مەزن بەدەست بهێنن، من هیوادارم و دەمەوێ سەرکەوتنێکی مەزن بەدەست بهێنین، ئەو سەرکەوتنە دەبێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی کە هەموو بەرنامەکانی پارتی جێبەجێ بکرێ. ئێمە باوەڕمان بە پێکەوەژیان هەیە و بەو کەسانە هەیە کە لەسەر بابەتی نیشتمانی و بەرژەوەندیی نیشتمانی لەگەڵ پارتی یەک ڕەئی و هاوپەیمانن و لە حکوومەتی داهاتووشدا شەریک دەبین. دەمانەوێ کەس نەبێ ڕێگری لە ئەجێندای پارتی بکات بۆ ئەوەی ئاوەدانی و چاکسازی و بەرگری بکات، هەر هاوپەیمانییەکیش بکات، لەسەر بنەمای ئەو کەسانە دەبێ کە موساوەمە لەسەر مافی خەڵیک کوردستان ناکات.

خوشک و برایانی بەڕێز

ڕاستە هیچ بەڵێنێک نادەین، چونکە زۆرکەس رەنگە وەعد بدەن کە بڵێن ئەوە دەکەین، بەڵام هیچ ڕابردووێکیان نییە کە ئایا وەفادارن بەرامبەر پەیمانیان یان نا، بەڵام وەکوو پارتی بەڵینمان داوە خزمەتکاری ئێوە بین و پارێزەری نیشتمان بین و خۆمان بکەینە قوربانی بەرامبەر بە کوردستان، ٧٢ ساڵە ئەو پەیمانە دەپارێزین.

هەڤاڵانی هێژا

هەتا ئێمە ساخ بین، سەری خۆمان بۆ دوژمنان ناچەمێنین و موساوەمە لەسەر مافی ئێوە ناکەین و بۆ خزمەتی ئێوە تەخسیری ناکەین.

داوامان لە نوێنەرانتان لە پەرلەمانی داهاتوو ئەوەیە کە خزمەتی ئێوە بکەن و کوردستانێکی ئاوەدان و پێشکەوتوو لەسەر بنەمای پێکەوەژیان بکەن و تاوەکوو دەستکەوتی زیاتر بەدەست بهێنین و میللەتی ئێمە بگاتە ئەو قۆناغەی کە هەموو خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەسوودی پێ دێت و کە سەرکەوتن و پێشکەوتنی کوردستان وەکوو نموونە بێتە باسکردن.

هەڤاڵانی هێژا

پارتی لە مێژووی خۆیدا ئەوەی پێی کراوە، کردوویەتی. تەنیا بۆ بیرهێنانەوە حەز دەکەم ئەوە بەبیر خۆتان بهێننەوە، هەر کاتێک پارتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دیار نەبووبێ یان بووبێ بە قوربانیی پیلانێکی نێودەوڵەتی، ئەوە چ حزب و دەسەڵات و لایەن هەبووە کە لە ئامادەنەبوونی پارتی دەستکەوتی بەدەست هێناوە؟ لە ڕۆژی دامەزراندنی پارتییەوە تا ئەمڕۆ، هەرچی دەستکەوتی کوردستان هەبووە، پارتی دامەزرێنەر و بونیاتنەری بووە و تاوەکوو ئەمڕۆش پارتی سەرمەشقی ئەو دەستکەوتە دەبێ. پارتی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستانی پاراستن و بووە هۆی ئەوەی دان پێدانانی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان بکرێ و لە هەموو داستانەکاندا پشکی شێری قوربانییانی بەرکەوتووە و هەمو دەمێک پارتی خەڵکی خۆی بۆ ئەوە پەروەردە کردووە کە لە سەنگەری بەرگریدا بن. ئەمڕۆ ئێوە حەکەم بن، کاتێک کوردستان کەوتە بن هێرشی دڕندانەی تیرۆریستان، قوتابی کام ڕێباز چوونە سەنگەری بەرگری؟ هەقە پرسیار لە هەموو کەسێک بکەن کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن، پێیان بڵێن وەعد کافی نییە و ئێمە هەموو وەفاداری کەسانی ئەو ڕێبازەین کە دوێنێ بەرگرییان لە خاک و کەرامەتی ئەم میللەتە کرد. ئەو ڕۆژەیە کە ئێوە بڕیار لەسەر ئەدای پارتی و لایەنەکانی دیکەش دەدەن. هەرچەندە ئێمە هەموو ئەوانەی کردوومانە لەبەر ئەوە بووە کە باوەڕمان بەو ڕێبازە هەیە و ئامادەین دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەش خۆمان بکەینە قوربانی ئەو خاک و میللەتە.

پارتی هەموو کاتێک سەری بەرز بووە، چونکە هێز و توانای پارتی خەڵکی کوردستان بووە، ئێمە هیچ جارێک نەچووین پشت بەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت گرێ بدەین، بەڵکوو پشتمان بە خوا و میللەتی خۆمان گەرم کردووە و دەزانین کە هێز و توانای پارتی خەڵکی کوردستانە، ئەمڕۆش پارتی چاوەڕێی ئەو پشتیوانییە لە ئێوە دەکات و چاوەڕێیە کاتێک چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بیر لەوە بکەنەوە کە ئەگەر سبەی جارێکی دیکە کوردستان کەوتە ژێر هێرشێکی دڕندانەی تیرۆریستان یان پیلانێکی نێودەوڵەتی، پرسیاری جددی لە ئێوە دەکەم، ئەگەر جاڕێکی دیکە پیلان هەبێ کوردستان تێک بدەن و هێرش بکەنە سەر کوردستان، ئەوکاتە دەنگ بەکێ دەدەن؟ پێویستە ئەو بڕیارە لەسەر ئەو بنەمایە بێ و هەندێک شتتان لەبیر بێت کە ئەو پارت و قوتابخانە و ڕێبازە و لەسەرووی هەمووی، سەرۆکی ئەو پارتە ئەو کەسەیە کە پێش هەمووان چووە سەنگەر و بەرگری لەو خاک و میللەتە کرد و ئەوەش وادەکات بچن بەرگری لە خاک و کەرامەتی ئەو میللەتە بکەن.

ئێمە بە کۆتایی نەگەیشتووین و هێشتا پیلان و ناحەز زۆرن، مخابن ئەگەر خیانەتی ناوخۆیی نەبووایە و خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر نەبووایە، ئەمڕۆ رەنگە ئاهەنگی سەرکەوتنی گەورەترمان بگێڕابا، بەڵام بزانن ڕۆژی 25ی 9 کە چەند ڕۆژێکی دیکە دەبێتە ساڵێک، گەورەترین دەستکەوت بەدەست هات، چونکە ئیرادەی ئەو میللەتە بەدەست هات و 93٪ی خەڵکی کوردستان بە بەڵێ دەنگی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا.

ئێمە هیچ جارێک واز لە مافە ڕەواکانی میللەتی خۆمان ناهێنین، قۆناغە جوداکان پێویستی بە خەباتی ئەو سەردەمە هەیە و پێویستە بە تێگەیشتن بەردەوامی بەو خەباتە بدەین، بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان واز لە مافی سەربەخۆیی و مافی چارەنووسی ئەو میللەتە ناهێنین، ئێمە پێمان خۆشە لە ناوچەکە بە خۆشی و ئاشتییانە بەردەوامی بە ژیان بدەین، بەڵام پێویستە بزانین گەیشتینە قۆناغێک کە کەس پێی ناکرێ بە چاوێکی نزم و کەم سەیری خەڵکی کوردستان بکات، بۆیە پێویستە هەموو بە دەنگێکی بڵند بڵێین ئێمە سەربەرزین خەڵکی کوردستانین و ئێمە سەربەرزین پێڕەوی ئەو ڕێبازەین و ئێمە سەربەرزین کە پارتین.

خوشک و برایانی هێژا
بەربژێرانی پارتی خەڵکی پسپۆڕیان تێدایە لە بواری کاری خۆیاندا، بەڵام لە یەک شتدا هەمووان بەشدارن، ئەویش ئەوەیە کە هەمووان پێڕەوی ڕێبازی بارزانی و خوێندەڤانی زانینگەها پارتینە، ئەوە خاڵی هاوبەشی هەمووانە تاوەکوو باوەڕیان پێ بهێنن، چونکە هیچ جارێک خیانەت لەو دەنگ و باوەڕە ناکەن کە ئێوە پێیان دەدەن.

خوشک و برایانی هێژا
زۆرجار پارتی بەرنامە و ئەجێندای خۆی جێبەجێ دەکات، بەڵام یان پیلانی نێودەوڵەتی هەبووە یان موزایەدەی حزبە ناوخۆییەکان ڕێگرییان کردووە، ئەگەر ئەمجارە زۆرینەی پەرلەمانی پێکبهێنین و نەک هەر خۆتان، خزم و دۆست و دراوسێکانتان ببەنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، باوەڕ بکەن ئەو ئەجێندایانەی لە خزمەتی خەڵکی کوردستان دەبێ، هەمووی جێبەجێ دەکرێ و کەسیش ناتوانێت ڕێگرییان لێ بکات.
پارتی بەرپرس بووە و کاتێک کە دەمی لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی بووە، پارتی لە ئەستۆی گرتووە و زۆرجار بەرپرسیارێتیی خەڵکی دیکەشی لە ئەستۆ گرتووە و لێی رانەکردووە، ئەگەر دەنگی خۆتان بە پارتی بدەن و نەک هەر لێرە، بەڵکوو لە هەموو کوردستان پارتی ببێتە حزبی سەروەر، هیچ جارێک موساوەمە لەسەر مافی میللەتی کورد ناکرێ و هەموو کاتێک ئامادەین، هەر کاتێک پێویست بێت، دەمی قوربانیدان بێ، ئێمە لەپێشەوە دەبین، بەڵام کاتی دەستکەوت، با خەڵکی دیکە لەپێشەوە بێت، چونکە ئێمە خۆمان بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانین.

هەڤاڵانی هێژا زیاتر لە کاتتان ناگرم، بە مەرجێک ئەگەر رۆژی ٣٠ی ٩ هەموو چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و هەموو دەنگی خۆتان بە پارتی دا، جارێکی دیکە دێمەوە و لە خزمەتی ئێوەدا دەبم.

خوشک و برایانی خۆشەویست
لە ساڵانی رابردوودا و لە شەڕی داعش، بە تایبەتی ئەو دەڤەرە سەلماندی کە پەروەردەی ڕێبازی پارتی و بارزانی چییە؟ کوڕ و کچانی ئێوە لە سەنگەرەکانی بەرگریدا دیاریان کرد کە ئەو دەڤەرە سەنگەری بەرگریکردنە لە دەستکەوت و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و ڕێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانی. ئێمە قەرزاری ئەو شەهیدانە و بنەماڵەکانیانین و قەرزاری زەحمەتیی ئەو پێشمەرگانەین و داوام لە ئێوە هەمووان و ئەو خوشک و برایانەی دەچنە پەرلەمان ئەوەیە کە یەکەمین کاریان ئەوە بێت، چۆن خزمەتی کەسوکاری ئەو شەهیدانە و ئەو پێشمەرگانە دەکەن.

زیاتر لە کاتتان ناگرم و ئیشەڵا لە ڕۆژی ٣٠ی ٩ هەمووان دەچنە سەر سندووقی دەنگدان و پشتیوانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن. زۆر زۆر سوپاس، بەخێر بێن سەرچاوان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.