Erbil 17°C چوارشەممە 23 تشرینی یەکەم 20:50

وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا : چاونه‌ترسی و بوێری پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌ شه‌ڕی دژی داعش و پاراستنی خاک به‌رز ده‌نرخێنین

نێچیرڤان بارزانی و خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین كۆبوونه‌وه‌
کوردستان TV
100%


سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17/9/2018  نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا  و شاندێكی باڵای حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كرد كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری سه‌ر به‌ پارته‌ جیاوازه‌كان له‌ لیژنه‌ی به‌رگریی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا پێكهاتبوون.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌  وه‌زیر و به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوون، خاتوو دێرلاین و په‌رله‌مانتارانی یاوه‌ری، چاونه‌ترسی و بوێریی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان له‌ شه‌ڕی دژی داعش و پاراستنی خاك و پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و قوربانیدانیان له‌م پێناوه‌دا به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ ڕوو كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ خواست و پێداویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی میوان باسیان له‌ ڕه‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختیان له‌ به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌كانیان بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كرده‌وه‌ و ڕایانگه‌یاند كه‌ مه‌به‌ستیانه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ بزانن له‌مه‌ودوا هاوكارییه‌كان چۆن و چی بن و پرۆگرامی داهاتووی په‌نابه‌ران چی ده‌بێت؟

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌ سه‌ربازی و مرۆییه‌كانی هاوپه‌یمانان و ئه‌ڵمانیای كرد له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا به‌تایبه‌تی ‌كاتی هێرش و مه‌ترسییه‌كانی داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ قۆناغێكی نوێی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش بنه‌بڕكردنی هزری توندڕه‌وی داعشه‌. به‌ڕێزیان هیوای خواست په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا بڕیار له‌ درێژكردنه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌ مه‌شقكاره‌كانیان و به‌رده‌وامیی هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانیان بۆ‌ هه‌رێمی كوردستان بدات، چونكه‌ هێشتا مه‌ترسیی داعش ماوه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا  سوپاسی ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسای كرد كه‌ ساڵی ڕابردوو پشتگیرییان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد له‌و دۆخه‌ دژواره‌ی ڕووبه‌ڕوو ببوویه‌وه‌، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازێت به‌ هێزه‌وه‌ له‌ به‌غدا بێت و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا جێگیر بێت و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به‌پێی ده‌ستووری عێراق دابین بكرێن.

 نێچیرڤان بارزانی له‌ باسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیشدا، ئاماژه‌ی به‌ بوونی بانگه‌شه‌یه‌كی هێمنانه‌ی هه‌ڵبژاردن‌ كرد‌ كه‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و دواتریش پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ت ده‌ستپێده‌كات. به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی چاكسازی كرده‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.