Erbil 7°C شەممە 16 تشرینی دووەم 06:38

ئه‌مریکا داوا له‌ به‌ریتانیا ده‌کات له‌ به‌رامبه‌ر ئێراندا ببێته‌ هاوهه‌ڵوێستی ئه‌وان نه‌ک ئه‌وڕوپا

باشتره‌ پشتیوانیی له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی دۆناڵد ترامپ بكات
کوردستان TV
100%

باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌ریتانیا داوای له‌ حكومه‌تی به‌ریتانیا كردووه‌ تا سه‌باره‌ت به‌ پرسی ئه‌تۆمیی ئێران ببن به‌ هاوهه‌ڵوێستی دۆناڵد ترامپ نه‌ك وڵاتانی ئه‌وڕوپیی.

وودی جۆنسن باڵیوزی ئه‌مریكا له‌ له‌نده‌ن سه‌باره‌ت به‌ داواكه‌ی له‌ حكومه‌تی به‌ریتانیا، له‌ بابه‌تێكدا كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی ته‌لیگرافی به‌ریتانیی بڵاوبووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: سه‌باره‌ت به‌ پرسی ئه‌تۆمیی ئێران داوا له‌ به‌ریتانیا ده‌كه‌م له‌ جێگه‌ی ئه‌وه‌ی هاوهه‌ڵوێست بێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وڕوپیی، باشتره‌ پشتیوانیی له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی دۆناڵد ترامپ بكات.

جۆنسن له‌ وته‌كانیدا به‌ریتانیا وه‌ك نزیكترین هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا هه‌ژمار ده‌كات و داوا له‌م وڵاته‌ ده‌كات تا رای خۆیان سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران بگۆڕن.

باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ به‌ریتانیا له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا ده‌ڵێت ئێران دوای ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌ی كه‌ چه‌ند ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌گه‌ڵ وڵاتانی زلهێزی جیهان واژۆی كرد، نه‌بووه‌ به‌ وڵاتێكی به‌رپرسیار له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا و هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ پێویسته‌ به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو له‌ دژی ئه‌م وڵاته‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی رۆژئاوایی پێكبهێنرێ، تا به‌رپرسانی ئێران ره‌وتی سیاسه‌ته‌كانی خۆیان بگۆڕن.

سه‌باره‌ت به‌ نه‌رمی نواندنی وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئێران وتی: ئه‌گه‌ر  حكومه‌تی ئێران گۆڕانكارییه‌كی به‌رچاو و جێگیر درووست بكات و وه‌ك وڵاتێكی ئاسایی هه‌ڵسوكه‌وت بكات،  ئه‌مریكا ئاماده‌یه‌ تا په‌یوه‌ندییه‌ ئابووریی و سیاسییه‌كانی له‌گه‌ڵدا زیندوو بكاته‌وه‌.

شایه‌نی باسه‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ دۆناڵد ترامپ خۆی و وڵاته‌كه‌ی له‌ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران كشانده‌وه‌ و به‌مدواییه‌ش سزای نوێی بۆ تاران دیاریكرد، ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی دۆناڵد ترامپ ناڕه‌زایه‌تیی و ناكۆكیی وڵاته‌ ئه‌وڕوپییه‌كانی ناو رێككه‌وتنه‌كه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌وان هه‌وڵده‌دن تا پابه‌ندبن به‌و رێككه‌وتنه‌ و كۆمپانیاكانی وڵاتانی خۆیان هانده‌ده‌ن تا له‌ ئێران درێژه‌ به‌كار  و وه‌به‌رهێنان بده‌ن.

سه‌رچاوه‌ / بی بی سی
مه‌سعود / كوردستان تیڤی

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.