Erbil 28°C شەممە 21 ئەیلوول 20:58

سەرۆک کۆمار لەبارەی خۆپیشاندانەکانی بەسرە بەیاننامەیەکى بڵاو کرده‌وه‌

داوا لە لایەنە ئەمنیەکان دەکات پارێزگاری لە خۆپیشاندانەکان بکەن
کوردستان TV
100%

سەرۆک کۆماری عیراق لەبارەی خۆپیشاندانەکانی بەسرە بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوەو لە بەیاننامەکەدا داوا لە لایەنە ئەمنیەکان دەکات پارێزگاری لە خۆپیشاندانەکان بکەن و گرژی لێنەکەوێتەوە، هەروەها داواش دەکات خۆپیشاندانەکان بەلارێدا نەبرێن.

دەقی بەیاننامەکە ....

"بەناوی پەروەردگاری بەخشندەو میھرەبانەوە

ئەی گەلی عێراقی دلێر

ئەی رۆڵەکانی بەسرەی فەیحا،

سڵاوی خوداتان لێ بێت،

چەند ناوچەیەکی پارێزگای بەسرە خۆپیشاندان و کۆبونەوەی ناڕەزایی ھاوڵاتیانیان بە خۆوە بینیوە کە زۆربەیان بێکار و بێ دەرامەتن و داوای دۆزینەوەی دەرفەتی کار و دابینکردنی خزمەتگوزاریی و چاککردنی باری ئابوریی و گوزەرانیان دەکەن، سەرباری رەتکردنەوە و بەگژاچونەوەی دیاردەکانی گەندەڵیی و کەموکورتییەکان لە ھەمو بوارەکاندا.

ئەو ناڕەزاییانە پەرەیان سەند و ھەندێک کات گەیشتە ئەوەی ھەندێک خۆپیشاندەری دیاریکراو ھەڵبکوتنە سەر دامەزراوەکانی نەوت لە پەترۆڵە جاڕەکانی گوڕنە و ئاگر تێبەردانی بینا و موڵک و ماڵی حکومیی و ئۆفیسی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت، روبەڕوبونەوەکانیش بریندار و بەرکەوتوی تریان لێکەوتەوە لە نێو ھاوڵاتیانی بێ دیفاعدا.

لە کاتێکدا داوا لە ھەمو رۆڵەکانی گەلمان بە تایبەتیی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی دەکەین ھێمنی و پابەند بون بە قانون و دان بەخۆدا گرتن و زیان نەگەیاندن بە بیناو موڵک و ماڵی حکومەت و ئۆفیسی کۆمپانیاکانی نەوت بخەنە سەرو ھەرشتێکی ترەوەو، ھەر دەستدرێژیی کردنە سەر کارمەندانی عێراقیی و بیانیی ئیدانە دەکەین، داواش لە دەسەڵاتدارانی ئەمنیی دەکەین لێکۆڵینەوەی بە پەلە بکەن لەبارەی ھەرزیاد ڕەوییەک و لێپێچینەوەی کەمتەرخەمییەکان، ھاوکات داوا لە حکومەتی خۆجێی لە پارێزگاکە و حکومەتی فیدراڵیی دەکەین کاری جدیی و بەپەلە بکەن بۆ بەدەنگەوە چونی داخوازیی رەوای خۆپیشاندەران و گرتنە بەری ھەنگاوی جدیی و پراکتیکیی بۆ چاککردنی خزمەتگوزارییەکان بە تایبەتیی کارەبا، ئاوی خواردنەوە، تەندروستیی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە ھاوڵاتیانی لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە بێزار و وەڕس کردوە.

لە کاتێکدا لەیەزدان دەپاڕێینەوە شیفای خێرای برینداران بدات، داواش لە ھێزە ئەمنییەکانی بەسرە دەکەین گیانی ھاوڵاتیان بپارێزن و مافی خۆپیشاندەران زامن بکەن لە دەربڕین و خستنەروی داوا و خواستەکانیان بە شێوازی ئاشتیی، دوپاتیشی دەکەینەوە کە پێویستە رێ بگیرێت لە بەلادابردنی رەوتی راستەقینەی خۆپیشاندانەکان و کارکردن بۆ پاراستنی موڵک و سامانە گشتیی و تایبەتییەکان، ھاوکات داوا لەخۆپیشاندەران دەکەین خۆیان بەدور بگرن لە دامەزراوە حکومییە ژیارییەکان و پەترۆڵە جاڕەکان. بەم بۆنەیەوە پێشوازیی دەکەین لە ھەوڵی حکومەتی فیدراڵیی بۆ گرتنەبەری کۆمەڵێک بڕیاری بە پەلە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بە پێکھێنانی لیژنەیەکی وەزاریی بە مەبەستی بەدواداچونی بارودۆخی پارێزگاکە، راستەوخۆش پشتگیریی وەزارەتی نەوت دەکەین بە جێبەجێکردنی راگەیاندنی دابینکردنی دەھەزار پلەی وەزیفیی لە کەرتی نەوتدا بۆ رۆڵەکانی پارێزگاکە بەزوترین کات.

لێرەدا جارێکی تر پێویستیی ھەرچی زوتری چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان دوپات دەکەینەوە بێ دواکەوتن و کۆتایی ھێنان بە ھەمو شێوەیەکی گرژیی و ئاڵۆزیی لەسەر بناغەی دەستور و قانونە کارپێکراوەکان، پێداگرییش دەکەین لەسەر پێویستیی گەڕانەوەی دەستبەجێی ژیانی ھاوڵاتییان لە پارێزگای بەسرە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و بەشێوەیەکی ھەمیشەیی. 

ھیوادارین و دڵنیاین لەوەی کە ھەموان ھەلومەرجەکە رەچاو بکەن، پێکەوە کاری جدیی و لێبڕاوانە بکەن لە پێناوی دان بەخۆدا گرتن و رێ خۆشکردن بۆ چارەسەری ئاشتیی بنیاتنەر و دەستوریی کە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی بپارێزرێت، شانبەشانی بەدەنگەوەچون و دەستەبەرکردنی مافەکانی ھاوڵاتییان و چاککردنی باری ژیانی رۆژانەیان.

فوئاد مەعسوم
سەرۆک کۆمار"
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.