Erbil 19°C ھەینی 11 تشرینی یەکەم 01:31

پۆلیسی هەولێر: دەیان کەسمان بە چەکەوە دەستگیر کردوون.. نابێ کەس لە یاسا بەرزتر بێت

داوای لە هێزە ئەمنییەكانی سلێمانییش كرد، هەر كەسێك تۆمەتبارە و لە سنووری هەولێر لە تاوانێكەوە تێوە گلاوە، دەستگیری بكەن
کوردستان TV
#7
100%

 

لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر، هێزە ئەمنییەكانی هەولێر دەیان كەسیان بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەكی بێمۆڵەت دەستگیر كردووە و دەستیشیان بەسەر چەندین چەك و ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێژمارەدا گرتووە.

 

لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بۆ مێدیاكان ڕایگەیاند: بە بڕیار و ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر، هێزە تەناهییەكانی هەولێر چەند ڕۆژێكە هەڵمەتی گەڕان و پشكنینیان دەست پێكردووە و لەو چوارچێوەیەشدا دەیان كەس بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەكی بێمۆڵەت دەستگیر كراون و دەستیش بەسەر چەندین چەك و ئۆتۆمبێلی جامڕەش و بێژمارەدا گیراوە.

 

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕوونیشی دەكاتەوە، هەر لەم چەند ڕۆژەدا، چەندین كەسیان دەستگیر كردووە كە تۆمەتبارن و پێشتر چەند تاوانێكیان لە هەولێر و دەوروبەریدا ئەنجام داوە و خۆیان حەشار دابوو.

 

بە گوتەی لیوا عەبدولخالق، ئەو هێزە ئەمنییە هاوبەشەی بۆ ئەم مەبەستە پێكهێنراوە، لەو هەڵمەتە بەردەوام دەبێت و ڕێكاری پێویستی یاسایی دەگرنە بەر و نابێ كەسیش لە یاسا بەرزتر بێت.

 

"هەڵمەتەكە لە سنووری ئەو پارێزگایە توندر دەبێت و بەوپەڕی تواناوە هەوڵی قۆڵبەستكردنی تۆمەتباران و نەهێشتنی چەكی بێمۆڵەت و ئۆتۆمبێلی بێژمارە و جامڕەش و هەڵگرتنی چەقۆ و دامبۆكس و هەر ئامێر و كەرەستەیەكی دیكە دەدەین كە مەترسیی بۆ سەر ژیانی هاونیشتمانیان دروست بكات". ئەمە قسەی عەبدولخالق تەڵعەت بوو، كە بە پێداگرییشەوە گوتی، لە داهاتوودا هەر ماڵێك گومانی هەبوونی چەكی بێمۆڵەتی لێ بكرێت، دەپشكندرێت و جگە لە دەستبەسەرداگرتنی چەكەكە، خاوەنەكەشی ڕاپێچی دادگا دەكەن.

 

بە گوێرەی ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی وەزارەتی ناوخۆ، هەر كەسێك چەكی هەبێت و ڕێپێدراویش بێت، گەر حاڵەتەكەی زۆر پێویست نەبێت، مۆڵەتەكەی لێ دەستێندرێتەوە و چەكەكەشی دەستی بەسەردا دەگیرێت.

 

"هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش تەنیا لە كاتی ئەركدا بۆیان هەیە چەكیان پێ بێت، دوای ئەرك پێویستە ڕادەستی ئەو دەزگا و بەڕێوەبەرایەتییانەی بكەنەوە كە كاری تێدا دەكەن". بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وای گوت.

 

ئەو هەروەها هیواشی خواست وەزارەتی پێشمەرگە هاوكار بن بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی ئەركەكانیان، چەك لە هێزەكانی سەر بەو وەزارەتە وەربگیرێتەوە و تا دەستپێكی دەوام، دەرفەت نەدەن چەكیان پێ بێت.

 

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، داوای لە هێزە ئەمنییەكانی سلێمانییش كرد، هەر كەسێك تۆمەتبارە و لە سنووری هەولێر لە تاوانێكەوە تێوە گلاوە، دەستگیری بكەن و ڕادەستی هێزە ئەمنییەكانی هەولێری بكەنەوە، چونكە ژمارەیەك تۆمەتبار لەوێ خۆیان حەشار داوە و وەك خۆی گوتی: پێویستە هەماهەنگیمان هەبێت و هاوكاری یەكدی بین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.