مەڵبەندی رێكخستنی یەكێتی لە كەركووك یاداشتێك ئاراستەی ڕای گشتیی و چەند لایەنێكی سیاسیی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و هۆشداری دەدات لە خراپی دۆخی كەركووك.
لە یاداشتەكەی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركووك هاتووە، ماوەیەكە جموجۆڵ و كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش وەك كوشتن و ڕفاندنی هاووڵاتییان بە ئاشكراو نهێنی لە پەرەسەندن دایە لە سنووری ناوچە جێناكۆكەكان و پارێزگای كەركووك و پاراستنی هاووڵاتییانی ئەم سنوورە لە ئەستۆی حكوومەتی بەغدا و ئەو هێزە چەكدارانەیە كە ئێستە دۆسیەی ئهمنى ناوچەكەیان لە ئەستۆیە.
یەكێتی ئاشكرای كرد كە شەوانە بە ئاشكرا جموجۆڵی ئەو گرووپە تیرۆریستیانە لە سنووری گوندەكانی " خورماتوو و داقوق و خوارووی كەركووك " بەردەوام ڕووی لە زیاد بوونە، بۆیە ئەم بارو دۆخە دەرخەری ئەوەیە كە هێزە ئهمنیهكان و سوپای عێراق توانای پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییانی كەركووك و سنوورەكەیان نییە.
یەكێتی لە كەركووك داوا دەكات حكوومەتی عێراق تواناكانی بخاتە كار بۆ رێگەگرتن لە هەڕەشەی تیرۆرستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش رێگری بكات لە دروستبوونی كارەساتی مرۆیی. هەروەك داوایشدەكەن كە هەرێم و بەغدا بە هاوئاهەنگی نەتەوەیەكگرتوەكان رێك بكەون لە سەر دورستكردنی هێزی هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراق و دەزگا ئهمنییهكان.
لە یاداشتەكەدا هۆشداری ئەوە دراوە كە ئەگەر چارەسەری خێرا و ریشەیی بۆ ئەم بارودۆخە نەكرێ ناچاردەبن پەنا بۆ فشاری جەماوەری ببەن.
كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی داگیر كراوە و لەوكاتەوە تا ئێستا دۆخی ئهمنى و كۆمەڵایەتی شارەكە سەقامگیر نەبووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.