ژماره‌یه‌كی زۆر له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی دیكه‌ی سلێمانی، به‌خۆپیشاندان به‌ره‌و باڵه‌خانه‌ی پارێزگای سلێمانی به‌ڕێكه‌وتن و له به‌رده‌م پارێزگادا گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا و چه‌ندین دروشم و هوتافیان دژی ئه‌و كه‌س و لایه‌نه كوردییانه به‌رز كردبووه‌وه كه رۆڵیان هه‌بووه له بڕیاری په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت له هه‌رێمی كوردستان.
له خۆپیشاندانه‌كه‌دا جه‌لال شێخ ناجی ،نوێنه‌ری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه گوتی: ناكرێت و ناشێت هێزێك كه هه‌زاران قوربانی دابێت په‌راوێز بخرێت و بێبه‌ش بكرێت له مافه یاسایی و ده‌ستوورییه‌كانی، ئێمه ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مان ئیدانه ده‌كه‌ین و ره‌تی ده‌كه‌ینه‌وه و داواش له هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌ی عێراق و دادگا ده‌كه‌ین بڕیاره‌كه هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه.
گوتیشی: ئێمه وه‌ك هێزی پێشمه‌رگه ئه‌و پلانه دوژمنكارییه ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه و رێگاش ناده‌ین ده‌نگی پێشمه‌رگه بكرێته كاڵای مامه‌ڵه‌ی چیرۆكی خۆفرۆشان و سازشكاران له‌گه‌ڵ دوژمنكارانی گه‌له‌كه‌مان.
نوێنه‌ری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌وان چاوه‌ڕوانی رێكاره ده‌ستووری و یاساییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان، به پێچه‌وانه‌وه وه‌ك ئه‌و گوتی "هێزی پێشمه‌رگه وه‌ڵامی گونجاویان ده‌بێت.
له ده‌نگدانی تایبه‌تی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كه رۆژی ١٠ی مانگی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، له سنووری پارێزگای سلێمانی ٨٢ هه‌زارو ٨٧٣ كه‌س له هێزه ئه‌منییه‌كان مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ٣٣ بنكه‌ی ده‌نگدانی كرده‌وه كه ١٩٠ وێستگه‌یان له‌خۆ گرتبوو.
له كۆبونه‌وه‌ی رۆژی شه‌شی ئه‌م مانگه‌ی په‌رله‌مانی عێراق و له چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه، بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌تی له هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی لای دوو لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هه‌رێم ( پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) به‌دوای خۆیدا هێنا.
به‌ڵام چوار لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌ی كوردستان كه پێك هاتبوون له گۆڕان و هاوپه‌یمان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، پشتگیریی ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی عێراقیان كرد‌و به‌شێك بوون له ده‌ركردنی بریارهكهو به هه‌نگاوێكی گرنگ و مێژوویی وه‌سفیان كردووه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.