ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 9/6/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له به‌ڕێزان دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و كین گرۆس كونسوڵی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.
له دیدارێكدا شاندی میوان تیشكیان خسته سه‌ر دوا پێشهاته‌كان و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئه‌و بڕیارانه‌ی له په‌رله‌مانی عێراق سه‌باره‌ت به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌رچووه. له‌مباره‌یه‌وه هه‌ردوولا جه‌ختیان له یه‌كده‌نگیی هه‌موو لایه‌نه‌كان بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق كرده‌وه و هیویایان خواست ئه‌و كێشانه‌ی هاتوونه‌ته ئاراوه، چاره‌سه‌ر بكرێن و نه‌بنه ڕێگرى به‌رده‌م پێكهێنانى حكوومه‌تی نوێی عێراق.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان به یه‌كگرتوویی به‌شدارییه‌كی جددی له حكوومه‌تی داهاتووی عێراقدا بكه‌ن به شێوه‌یه‌ك سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری بۆ عێراق فه‌راهه‌م بكات.
ئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوون له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به ڕه‌وشی ناوچه‌كه‌وه، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.