Erbil 8°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 23:41

زاگرۆس بەشداری لە یەکێک لە فێستیڤاڵە گرنگەکانی جیهاندا دەکات

چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە
زاگرۆس بەشداری لە یەکێک لە فێستیڤاڵە گرنگەکانی جیهاندا دەکات
کوردستان TV
100%

فیلمی سینەمایی "زاگرۆس" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، لە 71ـەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئێدنبێرگ دەکات کە یەکێک لە پێنج کۆنترین فێستیڤاڵە سینەماییە جیهانییەکان و لە سکۆتلەندا بەڕێوەدەچێت.

چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە رۆژانی 18 تاوەکو 29ـی حوزەیران/ یۆنیۆ لە ئێدنبێرگ لە سکۆتلەندا بەڕێوەدەچێت.

"زاگرۆس" لە بەشی فیلمە ئەوروپییەکاندا نمایشدەکرێت و ئەو فیلمانەی دەچنە بەشی پێشبڕکێەوە، دەبێت یەکەم نمایشی جیهانیان بێت لە فێستیڤاڵەکەندا.

ساڵانە لەم فێستیڤاڵەدا زیاتر لە 400 میدیاکار و زیاتر لە هەزار و 300 بەرهەمهێنەر و شارەزایانی بواری سینەمای تێیدا بەشدار دەبن.

لەلایەکی دیکەوە ئەو بەرهەمە سینەماییە بەشداری لە 17ـەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ترانسلڤانیا لە رۆمانیا دەکات کە بە گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لەو وڵاتەدا دەژمێردرێت.

چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە رۆژانی 25 ئایار/ مایۆ تاوەکو 1 حوزەیران/ یۆنیۆ لە رۆمانیا بەڕێوەدەچێت و فیلمی "زاگرۆس" لە بەشێکی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا بەشدار دەبێت.

ئەم بەرهەمە سینەماییە پێشتر لە بەشی "Limelight"ـی فێستیڤاڵی فیلمی رۆتردامدا بەشداربوو کە تایبەتە بە نمایشکردنی ئەو فیلمانەی لە فێستیڤاڵە گرنگەکاندا بەشداربوونە و خەڵاتی گرنگیان بەدەستهێناوە.

هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی 35مین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی ئەنۆنای لە شاری ئەنۆنای لە فەڕەنسا بەشداربوو.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لەلایەن ماڵپەڕی "Cutting Edge"ـی بەلژیکی، لەگەڵ چوار فیلمی دیکەی ئەو وڵاتە دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی وەک باشترین فیلمی 2017 هەڵبژێردرێت و لەلایەن خوێنەران و هۆگرانی سینەماوە دەنگی لەسەر بدرێت.

"زاگرۆس"  بەشداری لە 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا کرد و خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی بەدەستهێنا کە خەڵاتی "Grand Prix" بوو، هەروەها  دوو خەڵاتی لە بەشی پێشبڕکێی 18یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئاڕەس لە فەڕەنسا بەدەستهێنا، کە خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بوو لەلایەن لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ و خەڵاتی باشترین فیلم لەلایەن بینەرانەوە.  

ئەم بەرهەمە سینەماییە  لە 14ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمایی دوبەیدا بەشداربوو و کاندیدی چوار خەڵات بوو و دوو نمایشی تایبەتی بۆ کرا.

"زاگرۆس" بەرهەمێکی هاوبەشی بەلجیکا و هۆڵەندایە، پرۆدیۆسەری سەرەکی فیلمەکە دریس فالیپۆیە و سەهیم عومەر، جەین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکەیان ئامادەکردووە.

"زاگرۆس" چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلجیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وەڵاتە.

سەهیم عومەر خەلیفە، پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، "وڵاتی پاڵەوانان" و "نێچیرڤانی خراپ"، زیاتر لە 100 خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.

دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتە فیلمی "میسی بەغداد" و دواتریش "نێچیرڤانی خراپ"، لە کورتەلیستی کورتە فیلمە کاندیدکراوەکان بوون بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتە فیلم و ئێستا دەرهێنەر خۆی یەکێک لە ئەندامانی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئۆسکار.
 

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.