Erbil 30°C ھەینی 20 ئەیلوول 09:53

ئەنجوومەنی خۆجێی عەفرین دامەزرا

نوێنەرانی مەدەنی کورد، عەرەب و تورکمان پێکھاتووە
کوردستان TV
#12
100%


ئەنجوومەنی خۆجێی کاتی شارۆچکەی عەفرین دامەزرا کە لە نوێنەرانی مەدەنی کورد، عەرەب و تورکمان پێکھاتووە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێرانی ئاژانسی ئانادۆڵو لە عەفرین دەستیان کەوتووە، کەسایەتیە دیارەکانی شارەکە دوای دەنگدانێک ئەنجوومەنی خۆجێیان دامەزراند.

ئەنجوومەنەکە لە 20 کورسی پێکھاتووە کە 11یان کورد، ھەشتی عەرەب و یەک کورسی بۆ تورکمانەکان تەرخان کراوە.

زوھێر حەیدەر لەنێو نوێنەرانی کورد بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ھەڵبژێردرا.

ھاوکات دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنەکە لە ھەشت کەس پێکھاتووە کە بریتین لە زەکەریا محەمەد، جاسم ئەلسیفەری، ئەحمەد حاجی حەسەن، عەبدولرەحمان نەجار، ھارۆ عوسمان و محەمەد شێخ رەشید.

بۆ ئەندامبوون لە ئەنجوومەنەکە مەرجی ئەوە دانراوە کە دەبێت ئەو کەسە خەڵکی عەفرین بێت و نیشتەجێی شارەکە بێت.

سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، زوھێر حەیدەر لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێرانی ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "بە ھۆی ئەوەی تورکیا دەرفەتی ئەمەی دابین کرد سوپاسیان دەکەین. خزمەتی خەڵکی عەفرین دەکەین. ھەروەک قەڵغانی فورات ناوچەی لقی زەیتونیش دەبێتە نموونەیەک".

زوھێر حەیدەر بانگەوازی گەڕانەوەی خەڵکی بۆ عەفرین کرد و گوتی: "ئەگەر گشت عەفرینییەکان بگەڕێنەوە، ئەوا دەتوانین ھەڵبژاردنێکی دیموکراسی ئەنجام بدەین. خۆمان ئێرە بەڕێوە دەبەین نەک ئەوانەی لە قەندیل یان لە شوێنێکی دیکە دێن".

سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی کاتی عەفرین ئاماژەی بەوەش دا کە ئەنجوومەنەکە لە ژێر چەتری ھاوپەیمانی نیشتمانی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دامەزراوە و راشیگەیاند، ئەنجوومەنەکە سەر بە ئەنجوومەنی خۆجێی حەلەب دەبێت و پشتیوانیشی بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریا دووپات کردەوە.

لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی ھاوپەیمانی نیشتمانی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، عەبدولرەحمان مستەفا کە لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکەی عەفرین ئامادە بوو، رایگەیاند "تورکیا ھەوڵی رێگریکردن لە دابەشبوونی سووریا دەکات. کاری پێشینەمان لەگەڵ تورکیا ھەمان شتە. ئەنجوومەنی خۆجێی لە ماوەیەکی کورتدا دەست بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردە دەکات. ھەوڵ بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانە بۆ عەفرین دەدەین کە بە هۆی تیرۆریستان ھەڵاتوون".

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.