Erbil 22°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 16:14

مه‌کته‌بی سیاسی پارتی 59 ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی خەبات پیرۆز دەکات

رۆژنامه‌ی (خه‌بات) وه‌كو یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ و زمانحاڵی پارتی
کوردستان TV
#7
100%


مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌بۆنه‌ی(59)ـه‌مین ساڵڕۆژی ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی خه‌بات پەیامێکی پیرۆزبای ئاراستەی سەرنووسەر و ستافی رۆژنامەکە كرد هه‌ر به‌هه‌مان بۆنه‌ ده‌زگای رۆشنبریی و راگه‌یاندن 59)ـه‌مین ساڵڕۆژی ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی خه‌بات پیرۆزده‌كات ئەمە دەقەکەیەتی:


به‌ڕێزان/ سه‌رنووسه‌ر و ستافی نووسین و سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی رۆژنامه‌ی  خه‌بات:

به‌ بۆنه‌ی(59)ه‌مین ساڵیادی به‌ئاشكرا ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی(خه‌بات)گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ ئێوه‌ و نووسه‌ران و خوێنه‌رانی رۆژنامه‌كه‌تان ده‌كه‌ین، ئاواته‌خوازین به‌ هه‌مان گیانی به‌رپرسیاریه‌تی و له‌خۆبردووییه‌وه‌ به‌رده‌وام بن له‌ پێناو خزمه‌تگه‌یاندن به‌ ره‌وتی رۆژنامه‌گه‌ریی و گه‌یاندنی په‌یامی راسته‌قینه‌ و ره‌وای گه‌له‌كه‌مان به‌ ده‌وروبه‌ر و جیهان.

رۆژنامه‌ی (خه‌بات) وه‌كو یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ و زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌سكه‌وتێكی دیكه‌ی گرنگ و به‌بایه‌خی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان بوو به‌رابه‌رایه‌تی ((بارزانی نه‌مر)) په‌یامێكی دیكه‌ی خۆراگریی بوو بۆ داكۆكیكردن له‌ داخوازیه‌ ره‌واكانمان و پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی و ئازادی و بڵندگۆی بێ جیاوازی و كۆكه‌ره‌وه‌ی رۆشنبیران و نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسان بوو.

رۆژنامه‌ی (خه‌بات) به‌و ناسنامه‌ ره‌سه‌نه‌ و تایبه‌تمه‌ندیه‌ی خۆی له‌ بواری رۆژنامه‌نووسیدا و به‌ درێژایی خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی و كوردایه‌تی وه‌كو رۆژنامه‌یه‌كی مولته‌زیم رۆڵێكی دیار و كاریگه‌ری گێڕاوه‌ له‌ رووی هۆشیاركردنه‌وه‌ و جۆشدانی هه‌ست و نه‌ستی نیشتیمانپه‌روه‌ری و شۆڕشگێڕیی و پته‌وكردنی گیانی ته‌بایی و یه‌كڕیزیی  و یه‌كده‌نگیی، هه‌روه‌ها به‌و ته‌مه‌نه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌پێزه‌ی توانیویه‌تی خزمه‌تێكی زۆری زمان و ئه‌ده‌ب و كوولتوری نه‌ته‌وه‌ییمان بكات، جگه‌له‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی مێژوویی و ئه‌كادیمی و مه‌عریفیشه‌ بۆ توێژی میدیاكاران و رۆشنبیر و زانستخوازان.

نكوڵی له‌ رۆڵی گرنگ و كاریگه‌ری رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ هه‌موو ده‌ور و قۆناغێكدا ناكرێ، بۆیه‌ رۆژنامه‌ی (خه‌بات) كه‌ هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه‌ زیندووه‌یه‌ به‌راستی جێپه‌نجه‌ی به‌سه‌ر كاروانی سه‌رفرازانه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا روون و دیاره‌و وه‌كو گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخ و به‌هادار مایه‌ی رێزوستایش و شانازییه‌.
هیوادارین له‌و یاده‌ پیرۆزه‌دا زیاتر و باشتر له‌رووی چه‌ندایه‌تی و چۆنیه‌تیه‌وه‌ به‌ره‌وپێش بچن و وه‌ك هه‌میشه‌ بره‌و به‌ بنه‌ما و رێسا راست و دروسته‌كانی كاری رۆژنامه‌گه‌ریی بده‌ن و له‌رووی راستگۆیی و به‌رپرسیاریه‌تیه‌وه‌ هه‌ر له‌ پێشه‌نگ دابن به‌تایبه‌تی له‌و هه‌لومه‌رجه‌ هه‌ستیاره‌ی ئه‌مڕۆدا و پشتیوانیكردنی دۆزه‌ ره‌واكه‌مان و پاڵپشتی پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان.

له‌(59)ه‌مین ساڵڕۆژی ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی(خه‌بات)جارێكی دیكه‌ پاڵشتی ته‌واوی خۆمان بۆ به‌رده‌وام بوون و پێشوه‌چوونی رۆژنامه‌كه‌ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌،  ئومێده‌وارین هه‌رده‌م هه‌نگاوی نوێ و به‌رهه‌مدارتر بنێن..

هه‌زاران سڵاو بۆ یادی رۆژنامه‌وانانی پێشه‌نگ وماندوونه‌ناس..

دروود بۆ گیانی پاكی ئه‌وانه‌ی له‌و رێگایه‌دا سه‌ریان نایه‌وه‌ و ئه‌و كاروانه‌یان به‌مڕۆكه‌ گه‌یاند..

به‌رز و پیرۆزبێت(59)ساڵ به‌رهه‌م و خزمه‌تی بێسره‌وتنی رۆژنامه‌ی خه‌بات ..

مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان

 
پیرۆزبایی ده‌زگای رۆشنبریی و راگه‌یاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
به‌بۆنه‌ی(59)ه‌مین ساڵڕۆژی ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی (خه‌بات)

به‌ڕێزان/ سه‌رنووسه‌ر و ستافی نووسین و سه‌رجه‌م كادیر و كارمه‌ندانی رۆژنامه‌ی(خه‌بات)

به‌بۆنه‌ی(59)ه‌مین ساڵیادی ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی(خه‌بات) وه‌ك یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ و زمانحاڵی پارتیمان پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ ئێوه‌ و خۆمان و سه‌رجه‌م كادیر و ئه‌نداماتی پارتیمان و خوێنه‌رانی به‌ڕێزی ئه‌و رۆژنامه‌ راستبێژه‌ ده‌كه‌ین، ده‌ستتان ده‌گوشین و هیوادارین هه‌رده‌م له‌ به‌رده‌وامیی و پێشكه‌وتن دابن.

رۆژنامه‌ی (خه‌بات) وه‌ك ده‌سكه‌وتێكی گرنگی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیمان به‌رابه‌رایه‌تی (بارزانی نه‌مر) هه‌میشه‌ سه‌كۆیه‌ك بووه‌ بۆ خستنه‌رووی كێشه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كه‌مان و به‌رگریكردن له‌ بنه‌ماكانی دیموكراسی و ئازادی راده‌ربرین  و فره‌ده‌نگیی و كۆكردنه‌وه‌ی بیروبۆچوون و ئایدیا جیاوازه‌كان.

رۆژنامه‌ی(خه‌بات)هاوخه‌باتی قۆناغه‌ یه‌كله‌دواییه‌كه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیمان بوو، سه‌نگه‌رێكی دیكه‌ی شه‌ره‌فمه‌ندانی تێكۆشان بوو دژ به‌ سته‌مكاریی و چه‌وسانه‌وه‌، بۆیه‌ له‌و كاروانه‌ سه‌ركه‌شه‌یدا ئه‌و شانازییه‌ی پێ بڕا وه‌ك رۆژنامه‌یه‌كی خه‌باتگێڕ و كۆڵنه‌ده‌ر و بوێر رۆڵی شیاوی خۆی ببینێ له‌ به‌دیهاتنی ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی ئه‌مڕۆ و مافه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان.

رۆژنامه‌ی(خه‌بات)نموونه‌ی رۆژنامه‌یه‌كه‌ی پرۆفیشناڵه‌ له‌ په‌یره‌وكردنی پره‌نسیپ و ئیتیكی راسته‌قینه‌ی رۆژنامه‌وانیی  به‌ره‌چاوكردن و به‌هه‌ندگرتنی مسداقیه‌ت و به‌رپرسیاریتی و پیشه‌وه‌ریی و قوتابخانه‌یه‌كه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان و پێگه‌یاندنی كادیری رۆژنامه‌وانی هه‌ربۆیه‌ش تائه‌مڕۆكه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌نگاوی بونیاتنه‌رانه‌ و به‌رهه‌مدار بۆ پێشخستنی ره‌وشی رۆشنبیریی و كوولتوری به‌گشتی و بواری رۆژنامه‌گه‌ریی به‌تایبه‌تی.

ئه‌رك و كاری رۆژانه‌ی رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌وانان و میدیا به‌گشتی زۆر بایه‌خدار و هه‌ستیاره‌ به‌تایبه‌تی له‌و رۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆدا، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌مان رۆحیه‌تی به‌رپرسیاریتی و دڵسۆزانه‌ و راستگۆییانه‌تان به‌رده‌وام بن له‌ پێناو پاراستنی ئه‌و ئه‌زموونه‌ و ده‌سكه‌وته‌كانمان و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانمان.
 
هیواخوازین له‌و یاده‌دا زیاتر  هه‌وڵ بده‌ن بۆ پێشخستنی رۆژنامه‌كه‌و له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ هه‌نگاوی باشتر بنێن..

به‌رزوپیرۆز بێت (59)ه‌مین ساڵیادی خه‌باتی به‌رده‌وامی رۆژنامه‌ی(خه‌بات)..

ده‌زگای رۆشنبریی و راگه‌یاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان

 

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.