Erbil 7°C شەممە 25 کانوونی دووەم 02:48

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سیستمى نوێى دابه‌شکردنى مووچه‌ى له‌ به‌رژوه‌ندیى مووچه‌خۆراندا په‌سه‌ند کرد

هه‌ر زیادبوونێكى داهات ده‌بێته‌ هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌
کوردستان TV
#7
100%


كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، خانه‌نشینان، خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان و ئه‌وانه‌ی مووچه‌یان 400 هه‌زار دینارە‌، مانگانه‌ ته‌واوى مووچه‌كانیان به‌بێ هیچ پاشه‌كه‌وتێک وه‌رده‌گرن.

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28/3/2018 به‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌ره‌تا به‌ڕێز مه‌حموود حاجى ساڵح وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، كورته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى بڕیارێكى دوێنێى په‌رله‌مانى عێراق خسته‌ ڕوو كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانییانى سیاسیى هه‌رێمى كوردستاندایه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا ئه‌و توێژه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ بڕیاره‌كه‌ سوودمه‌ند ده‌بێت، مینحه‌ و ئیمتیازاتیان له‌گه‌ڵ عێراق یه‌كده‌خرێت و ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى حكوومه‌تى فیدراڵى عێراقه‌وه وه‌ك له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش له‌ ساڵى 2015ـوه‌ كارى له‌سه‌ر كردووه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ستایشى هه‌وڵه‌كانى به‌ڕێزان وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و د. ئامانج ڕه‌حیم سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و تیمه‌كانیانى كرد بۆ كار و ماندووبوونیان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى به‌ڕێز د. حه‌یده‌ر عه‌بادى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، په‌رله‌مانتارانى عێراق به‌گشتى و په‌رله‌مانتارانى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌تایبه‌تى كرد كه‌ ڕۆڵیان له‌ ده‌رچوونى ئه‌و بڕیاره‌دا هه‌بووه.

ئینجا به‌ڕێز ڕێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، سیستمى نوێى مووچه‌ى ڕوون كرده‌وه‌ و تیایدا ورده‌كاریى چۆنیه‌تیى خه‌رجكردنى مانگانه‌ى مووچه‌ى خسته‌ ڕوو كه‌ گۆڕانگارییه‌كى گه‌وره‌ به‌ ئاراسته‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌كانى پاشه‌كه‌وت له‌خۆ ده‌گرێت به‌ جۆرێك كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و خانه‌نشینان و كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان و ئه‌وانه‌یش كه‌ مووچه‌یان له‌ (400) هه‌زار دینار كه‌متره‌، مانگانه‌ ته‌واوى مووچه‌كانیان به‌بێ هیچ پاشه‌كه‌وت و لێبڕینێك وه‌رده‌گرن.

به‌پێى ئه‌و سیستمه‌ نوێیه‌، ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ى له‌ (400) هه‌زار دینار به‌ره‌و ژوور تا سێ ملیۆن دینار وه‌رده‌گرن، به‌پێى زۆر و كه‌میى مووچه‌كانیان، به‌ ڕێژه‌ى 90% تا 75%یان بۆ خه‌رج ده‌كرێت، هه‌رچى پله‌ تایبه‌ته‌كانه‌، مووچه‌كانیان به‌پێى سیستمى پاشه‌كه‌وتى جاران ده‌درێت و ته‌نها 25%ى مووچه‌یان بۆ خه‌رج ده‌كرێت.

دواتر به‌ڕێزان د. ئاشتى هه‌ورامى، وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان و ڕێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایى و ئابوورى، داهات و خه‌رجیى مانگانه‌ى چاوه‌ڕوانكراویان بۆ هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر زیادبوونێكى داهات ده‌بێته‌ هۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌، جه‌ختى له‌ به‌رده‌وامیى پرۆسه‌ى شه‌فافیه‌ت و چاكسازى و پابه‌ندبوون به‌ پڕۆژه‌ى وردبینیى داهات و خه‌رجییه‌كان كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن هه‌ردوو كۆمپانیاى نێوده‌وڵه‌تیى دیلۆیت و  ئیواى ـیه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ڕایگه‌یاند كه‌ ئامانجى ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانى داهاتوودا پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ به‌ یه‌كجاره‌كى نه‌مێنێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌ركردنى یاساى چاكسازى له‌ مووچه‌ و خانه‌نشینى كه‌ ئێستا له‌ په‌رله‌مانى كوردستانه‌، به‌ هه‌نگاوێكى گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى و ئابوورى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى ڕاسپارد كه‌ ورده‌كاریى سیستمى نوێى مووچه‌ و ده‌ستكاریى پاشه‌كه‌وت بۆ هاووڵاتیان ڕوون بكه‌نه‌وه‌. 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.