له یادى 27 ساڵهى ڕاپەڕین ئهنجومهنى وهزیرانى هەرێمی کوردستان پهیامێكی بڵاوكردهوه و گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانیانی ئازیز لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دهكات.
جەماوەری سەربەرز و خۆراگری کوردستان،
له یادى بیست و حەوت ساڵهى ڕاپەڕینە شكۆدار و مەزنەکەی ئازاری 1991دا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانیانی ئازیز لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەین.
ڕاپەڕین کە دهربڕى خواست و ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم و دیکتاتۆری بوو، بە قوربانیدانى پێشمهرگه و ماندووبوونی ڕۆڵەکانی گهل و بە یهكێتى و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە و چین و توێژەکانی، گەورەترین سەرکەوتن و سەروەری تۆمار کرد، هەر ئەو گیانی خۆڕاگری و بەرەنگارییهش بوو لە پاش ڕاپەڕینەوە تا ئێستا چەندین ئاستەنگ و پلانی شەڕانگێزانەی تیرۆریستان و ناحەزانى لەگۆڕ ناوە.
کوردستانیانی ئازیز،
خەبات و خۆراگریی ئێوە، بۆ هێنانەدیی ئازادى و ژیانێکی سەربەرزانە بووه کە شایانی مێژووى دێرین و قوربانیدان و ماندووبوونتان بێت، خواستە ڕەواکانیشتان لە عێراقی فیدراڵدا مافێكى سروشتی و دادپەروەرانەیه و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و شەراکەتی ڕاستەقینە و تهوافق و ڕێزگرتن لە دەستوور، بنهماى دامهزراندنى عێراقی نوێیه كه مافی هیچ پێکهاتەیەکی تێدا پێشێل نەکرێت و هیچ پێکهاتە و هێزێک بۆی نەبێت تاکڕەوانە ئیرادەی خۆی بسەپێنی.
ڕاپەڕین و شۆڕشەکان لە دژی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانی پێشووى عێراق، گەواهیی ئەو ڕاستیەن کە مەحاڵە هیچ هێزێك بتوانێ ویست و ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ ژیان و شکۆ و ئازادی فەرامۆش بکات. عێراقێکی سەقامگیر و خۆشگوزەران، زادەی سیستمێکی تەندروستی دیموکرات و فیدراڵە کە دەستوور تیایدا ڕێزلێگیراو بێت و شەراکەتی ڕاستەقینە و مافی ڕەوای ههموو پێکهاتهكان فەراهەم بێت. هەموو ئەو کارەساتانهى دەیان ساڵ بەرۆکی عێراقیان گرتبوو، زادەی بیر و بەرنامەی خۆسەپێنیی ڕژێمە تاکڕەوەکان بوون کە وێڕای تیاچوونی ئەو ڕژێمانە، عێراق و گەلەکهیشی باجی قورسیان لەسەر دا.
کوردستانیانی خۆشەویست،
گیانی خۆڕاگری و بەرەنگاریی ئاشتیخوازانەتان، لە هەمان ڕۆحییەتی ڕاپەڕینهوه سەرچاوەی گرتووە و تا گەیشتن بە سەرجەم مافە ڕەواکانمان، ئەم ورە و ئیرادەیە بەردەوامە. ئهركى پاراستنى دهسكهوتهكانى ڕاپهڕین، بەرپرسیارێتیی سەرجەم لایەن و چین و توێژەکانی گەلەکەمانە و دڵنیاین ورە و خۆڕاگریتان لە هەموو ئاستەنگ و پیلانێک بەهێزترە و پێكهوه دەتوانین بەسەر هەموو کێشە و ئاستەنگەکاندا زاڵ بین و بەرەو ئایندەیەکی ڕووناك هەنگاو بنێین.
با یادی ڕاپەڕین وزە و ئیرادەی زیاترمان بۆ یهكڕیزى و خۆڕاگری پێ ببەخشێت.
بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزنی ئازاری ١٩٩١.
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
ئهنجومهنى وهزیرانى هەرێمی کوردستان.
4/3/2018
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.