ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان نیگەرانی دەربڕی لە "مامەڵەی دڕندانە و نامرۆڤانە" بەرامبەر لایەنگرانی هەدەپە و گولەن لە زیندانەكانی توركیاوە.
نیلز مێلزەر نێردهى ئهنجوومهنهكه لە مانگی 12ی ساڵی 2016 دا سەردانی زیندانەکانی توركیای كردووە، بۆ چاودێری ڕەوشی زیندانییەكان و مامەڵەی بەرپرسان و دەزگا ئەمنییەكانی توركیا بەرامبەر بە زیندانیەكان بە گشتی و زیندانیە سیاسیەكانی ئەو وڵاتە.
لەراپۆرتەكەیدا نیلز مێلزەر ئاماژەی بە "مامەڵەی نابەجێ و دڕندانەی" زیندانەكانی توركیا كردووە بەرامبەر بەو زیندانیانەی كە لایەنگری گولەن و هەدەپەن.
نیلز مێلزەر هەروەها دەڵێت، "هەستێكی ترسێنەرم بۆ دروستبوو بەوەی ژمارەیەكی زۆر لە لایەنگرانی بزاڤی گولەن و پارتی كرێكارانی كوردستان تەكنیكی زۆر دڕندانەیان بەرامبەر بەكارهێنراوە، بەزەبر و زۆر دانپێدانانیان پێكراوە و قسەیان لێدەرهێنراوە بۆ ئەوەی كەسانی دیكەی تێوە بگلێنن".
رونیشیكردووەتەوە، "كاری نابەجێ كراوە لە كاتی سزادانی دەستگیركراوەكاندا، وەك لێدانی زۆر و بەكارهێنانی تەزووی كارەبا و كردنەناو سەهۆڵاو و ڕێگەنەدان بەخەوتن و جنێو و دەستدرێژی سێكسی".
نیلز مێلزەر لەراپۆرتەكەیدا ئەوەی نوسیووە، "هیچ رێكارێكی جددی نەكراوە بۆ لێپێچینەوە و لێكۆڵینەوە سەبارەت بەو پێشێلكاریانە، هەروەها هیچ ئامادەباشییەكی گونجاو سەبارەت بەوە ئەنجام نەدراوە، لەلایەن بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەكانی توركیاوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.