ئەمڕۆ سێشەممە گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی لێدوانی پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بڵاوكردەوە، كە ئاماژەی دابوو بەوەی پارتی 350 هەزار فەرمانبەری وەهمی هەیە، پارتی رایدەگەیەنێ ئەم زانیارییانە وەهمیین.
دەقی روونکردنەوەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
سەبارەت بەو زانیارییە نادروستانەی کە لەچەند ماڵپەڕ و ناوەندێکی میدیایی لەسەر زاری پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا بەناوی رەسووڵ رازی بڵاوکراونەتەوە، کە گوایە پارتی 350 هەزار فەرمانبەری وەهمی لە حکوومەتدا هەیە و مووچەکانیان وەردەگرێت، سەرلەبەریان زانیاریی نادروست و وەهمین و بۆ خەڵکی عێراق بە گشتیی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتیی رادەگەینین کە ئەم زانیارییە نادروستانە هەوڵێکی پڕ لە چەواشەکارین، زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە خۆی وەهمییە و تەنیا بۆ خۆدەرخستن تۆمەتی داوەتە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستانەوە.
ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە نادروستانە لەلایەن رەسوڵ رازی و هاوشێوەکانی بۆ سەرنج لادانی خەڵکە لەو گەندەڵییە زۆر و زەوەندانەی لە کەرتەکانی سوپا و کارەبا و پڕۆژە وەهمییەکانی دیکەی خزمەتگوزاری لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق پەردەپۆش دەکرێن کە مەزندەدەکرێت سەدان ملیار دۆلاری لێ بەهەدەر درابێت و پارەکەیش چووەتە سەر حیسابی بەرپرسان و گیرفانی ئەو جۆرە بوختانچیانە و هاوشێوەکانیان، هەروەها هەوڵدەدەن بەم جۆرە تۆمەتانە زیاتر گرفت بخەنە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر و رەوشەکەش ناسەقامگیرتر بکەن، بۆئەوەی خۆیان لە ئاوی لێلدا ماسی زیاتر بگرن.
لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا سیستەمی بایۆمەتری بۆ تۆماری فەرمانبەران ئەنجام درا، هەرێمی کوردستان کار بەگوێرەی یاسا دەکات و فەرمانبەران موڵکی راستەقینەی حکوومەتن نەوەک هی حزبەکان بن.
مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
2018/2/27
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.