Erbil 12°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 16:55

تەلار فایەق: حکوومەتی عێراقی بڕی 37 ملیۆن دۆلار قەرزاری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە

به‌بڕیاری به‌غدا لە ئێوارەی 2017/9/29 گشتیی فڕۆکەخانه‌كانی هه‌رێم ڕاگیراوه‌
کوردستان TV
#7
100%

 

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، حكوومەتی عێراق كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی بە سیاسی كردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، تەلار فایەق لە کۆنگریەکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند: زۆر بەداخەوە کە ئەم هەواڵە ناخۆشە رادەگەیەنین چونکە ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقی نەمابوو. لە دووەم کۆبوونەوە هەموو رەشنووسەکە واژووکرا و بڕیاربوو بەغدا هەڵبستێت بە ناردنی چەند لیژنەیەکی تەکنیکی، بەڵام جگە لە شاندێکی ئەمنیی ئەوا هیچ شاندێکی دیکە نەهاتووە بۆ هەرێم و بەم هۆیەوەشە پێشبینی ئەوەمان دەکرد کە بڕیاری راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان درێژبکرێتەوە.

روونیشی كردەوە: پێشتر حكوومەتی عێراق ئاشكرای كردبوو كە لە 28/2/2018 فڕۆكەخانەكانی هەلێر و سلێمانی دەكرێنەوە، بەڵام ئەوان خێرا بڕیارێكی دیكەیان بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان دەركرد كە لە 28/2/2018ەوە نوێ دەكرێتەوە تاكوو 31/5/2018، ئەمە لە كاتێكدا گفتوگۆكان لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان دەستی پێ كردبوو.

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەوەشی خستە ڕوو: حكوومەتی عێراق كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بە سیاسی كردووە و هەر لەسەر كردنەوەی فڕۆكەخانەكان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە یاسا و ئەو خاڵانەی كە بەغدا دایناوە، كەچی حكوومەتی عێراق هێشتا ئامادە نییە فڕۆكەخانەكان بكاتەوە.

سەبارەت بەو نووسراوانەی کە لە دوو هەفتەی رابردوودا لە لایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراقی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرابوون سەبارەت بە گەشتی عومرەکاران، تەلار فایەق گوتی: ماوەیەک لەمەوپێش باس لە گەشتی عەمرەکاران کرا و چەند نووسراوێک بڵاوکرایەوە کە هەندێک لە نووسراوەکان ساختەبوون، سەرەڕای ئەمەش لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا تەنها نووسرابوو رەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق دراوە لەسەر گواستنەوەی عەمرەکاران لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، بە بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بکرێت کە گەشتەکان راستەوخۆ دەبن یان نا، هەروەها باسی ئەوەش نەکرابوو کە لە رێگای کامە هێڵی ئاسمانییەوە گەشتەکان ئەنجام دەدرێن.

تەلار فایەق گوتیشی: "بە هۆی ئەوەی ئەوە پێنج مانگە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان راگیراوە و تەنها هێڵی ئاسمانی عێراقی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بەکاردەهێنێت ئەوا حکوومەتی عێراقی بڕی 37 ملیۆن دۆلار قەرزاری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە و تا ئێستا هیچ پارەیەکی نەداوە، لەبەر ئەوەی بەگەڕخستنی فڕۆکەخانەکان لەمەودوا ئەستەم دەبێت چونکە ئەگەر ئاماری ساڵی رابردوو وەرگرین دەبینین تێچووی بەگەڕخستنی فڕۆکەخانە لە مانگێکدا، سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری پێویستە، لەبەرامبەریشدا هیچ داهاتێکمان نییە، بۆیە بەردەوامبوونی بەگەڕخستنی فڕۆکەخانە لەمەودوا زەحمەت دەبێت.


دوای دروستبوونی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو فڕۆکانە لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان زیادیکرد کە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکەوە دەچن و ئەمەش بە بەردەوامیی لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرا و سەبارەت بە پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو لەمبارەوە، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، تەلار فایەق گوتی: "پێشتر چەندەها هێڵی ئاسمانیی بەدوای ئەوە دەگەڕان کە گەشتەکانییان کاتێکی کەمتر و سووتەمەنییەکی کەمتری بوێت، بەڵام لە کاتی دروستبوونی شەڕی داعش، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی فیدڕاڵی ئەمریکی، داوایکرد کە دووربکەونەوە لەو ناوچەیە. بەڵام دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان و نەمانی داعش، ئەوا ئەو گەمارۆیە هەڵگیرا، بۆ ئەوە مەبەستەش، بۆ ئەوەی گەشتەکان سەلامەت بن، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی، دوو رێگای دەستنیشانکردووە کە یەکێکیان دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هەولێرەوە کە فڕۆکەکان لە وڵاتی کەنداوەوە بەرەو ئەورووپا دەڕۆن، رێگای دووەمیشیان دەکەوێتە رۆژئاوای سلێمانییەوە کە فڕۆکەکان لە ئەورووپاوە بەرەو وڵاتانی کەنداو دەڕۆن.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هه‌رێمی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017، حكوومەتی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لەدژی هەرێمی كوردستان دەركرد و یەكێك لە بڕیارەكان ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانییە.

لە ئێوارەی 2017/9/29 جێبەجێکرا و ئەمەش دووەمجارە بڕیارەکە درێژ دەکرێتەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.