له لێدوانێكی تایبهت به ئاژانسی ئانادۆڵو عەمید روکن هەژار عومەر بەڕێوەبەرى هەماهەنگى و پەیوەندییەکانى دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند: دهستمان به گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانى ئەڵمانیا، سوید و فینلەندا كردووه بۆ ئهوهی پێشمهرگه بكهینه بهشێك له هێزى ئاشتى پارێزى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان .
ئهو بهرپرسهی پێشمهرگه راشیگهیاند: دواى کۆبوونەوەى بەڕێوەبەرایەتی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی دەرەوەى وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەکانى تیمى سەربازى ئەڵمانیا و سوید و فینلەندا لە هەرێمى کوردستان، ئەو سێ وڵاتە بە شێوەیەکى سەرەتایى ئامادەییان دەربڕیوە پاڵپشتى و مەشق و راهێنان بە بەشێک لە هێزى پێشمەرگە، وەک هێزى ئاشتى پارێزى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن .
دهربارهی ژمارەى ئەو پێشمەرگانەى كه وەک بەشێک لە هێزى ئاشتى پارێزى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوبراو ئاشکراى دەکات رەنگە له دوو بەتالیۆن یان زیاتر بێت .
بەڕێوەبەرى هەماهەنگى و پەیوەندییەکانى دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە گوتیشى: وڵاتی ئەڵمانیا رابەرایەتى ئەم پڕۆسەیە دەکات و لەلایەن ئەو وڵاتە و سوید و فینلەندا پاڵپشتى دارایی و سەربازى دەکرێت، ئهویش دواى گرتنەبەرى رێکارەکانى پێدانى رەزامەندى لە بنکەکانى راهێنانى سوید و فینلەندا، مەشق و راهێنانى سەربازییان پێدەکرێت .
ههروهها جگە لەو مووچەیەى لە لایەن حکوومەتى هەرێم پێیان دەدرێت، مووچەیەکى تایبەتیان لەلایەن رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانیان بۆ دابین دەکرێت .
هەژار عومەر ئاماژەى بەوەدا لە ئێستادا حكوومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى پێشمەرگە تاوتوێى ئەم بابەتە گرنگە دەكەن بۆ جێبەجێکردنى پڕۆسەکە دەبێت حکوومەتى عێراقیش رەزامەندى دەرببڕێت .
بەڕێوەبەرى هەماهەنگى و پەیوەندییەکانى دەرەوەى وەزارەتى پێشمەرگە، عەمید روکن هەژار عومەر دەشڵێت "خەباتى پێشمەرگە و چۆنیەتى رووبەڕووبوونەوەى تیرۆریستانى داعش و تێکشکاندنى ئەفسانەى ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە هەموو جیهان دەنگى داوەتەوە و پێشمەرگە لە وڵاتان خاوەن ناوبانگ و پێگەى خۆیەتى و ئەگەر بەشێك لە هێزى پێشمەرگە ببیت بە هێزى ئاشتى پارێزى سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوا دەبێتە دەستكەوتێكى دیکەى میژوویى و سەروەرییەکى دیکە بۆ هێزەكانى پێشمەرگە .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.