ئهمرۆ چوارشەممە 7/2/2018، ئەحمەد ئەبوزێد، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر لە میدیاکانی وڵاتەکەوە وەڵامی مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیای داوەتەوە.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، مەولود چاویشئۆغڵو رایگەیاند، کە وڵاتەکەی دان بە رێککەوتنی دیاریکردنی سنووری دەریایی نێوان قوبرسی یۆنانی و میسر نانێت، کە لە ساڵی 2013 لەنێوان ئەو دوو وڵاتە واژۆ کراوە.
ئەحمەد ئەبوزێد هۆشداریی داوەتە تورکیا و رایگەیاندووە، باسکردنی ئەو رێککەوتنە لەلایەن تورکیا و پشتگوێخستنی، دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی میسر و ئەوان ”رووبەڕووی“ دەبنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر هەروەها رایگەیاندووە، هیچ لایەنێک ناتوانێ رێککەوتنی نێوان میسر و قوبرسی یۆنان هەڵوەشێنێتەوە، کە بەپێی بنەما یاساییە نێودەوڵەتییەکان واژۆ کراوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەک رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی، قبوڵی کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.