Erbil 3°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 05:48

یه‌کێتی مامۆستایانی کوردستان هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ئیدانه‌ ده‌کات

یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان ڕاگه‌یاندراوێكى بلاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
100%

یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان له‌ڕاگه‌یاندراوێكدا هێرش و په‌لاماره‌كانی توركیا بۆ سه‌ر كانتۆنی عه‌فرین ئیدانه‌ ده‌كات و داوا له‌ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات فشار بخه‌نه‌ سه‌ر توركیا تا ده‌ست له‌ هێرشه‌كان هه‌ڵبگرێت.

ئه‌مه‌ ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: 

راگه‌یاندراوی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان ده‌رباره‌ی هێرش و په‌لاماره‌كانی توركیا بۆ سه‌ر كانتۆنی عه‌فرین :-

داگیركه‌ران له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ناكۆك بن به‌ڵام له‌دژی گه‌لی كوردستان كۆك و ته‌بان

 ئازادی خوازانی جیهان- كوردستانیانی دڵسۆز- مامۆستایانی خاوه‌ن هه‌ڵوێست

له‌ژێر رۆشنایی بڕیاری (1514)ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانی تایبه‌ت به‌مافی گه‌لان هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌ی وڵاته‌ زلهێزه‌كان له‌مه‌ڕ داكۆكیكردن له‌مافه‌كانی مرۆڤ و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و پێداگیری وڵاته‌ دیموكراتیه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته‌ جیهانێكی تازه‌ بنیات بنرێت تیایدا رێگری له‌ چه‌وسانه‌وه‌ و پێشێلكردنی مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی گه‌لانی به‌ش خوراو بكرێت، گه‌لی كوردستان  و گه‌لانیتری هاوشێوه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی تازه‌یان لا به‌رجه‌سته‌بوو كه‌ ده‌كرێت داواكاری راسته‌و راست بكه‌ن و هاوشێوه‌ی وڵاته‌ سه‌ربه‌سته‌كان مافه‌كانیان به‌ده‌ست بێنن و ئه‌ركه‌ جیهانیه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن.

راستیه‌كیتریش پێویسته‌ ئاماژه‌ پێبدرێت له‌شه‌ڕی جیهانی سێهه‌م گه‌لی كوردستان به‌شداری كارای كردو ئه‌وه‌ی سه‌لماند ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی پێبدرێت بێ كه‌موكوڕی ئه‌ركه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان راده‌په‌ڕێنێت، كاتێكیش دێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی داوای پێدراوه‌ یاسایی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بكات،داگیركه‌ره‌ ترسنۆكه‌كان له‌رزیان لێدێت و ده‌مامكه‌كانیان لاده‌ده‌ن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌سڵی شه‌ڕانگێزی خۆیان و جارێكیتر پیاده‌ی سروشته‌ راستیه‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ناكۆك بن به‌ڵام له‌دژی گه‌لی كوردستان كۆك و ته‌بان، چه‌ندان وێزگه‌ی مێژوویی هه‌یه‌ ئه‌و راستیه‌  له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن.

نزیكترین دوو روداو كه‌له‌ سه‌رده‌ستی ئه‌و داگیركه‌رانه‌ و به‌گلۆپی سه‌وزی زلهێزه‌كان رویدا یه‌كه‌مینیان هێرش و په‌لاماره‌كانی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی عێراق بۆ سه‌ر ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركوك و شاره‌كانیتر، دووه‌مینیان ئه‌و هێرش و په‌لاماره‌ دڕندانه‌ی توركیا و ده‌سته‌ و تاقمه‌كانیان بۆ سه‌ر كانتۆنی عه‌فرین كه‌ شه‌لم و كوێرم خه‌ڵكی سیڤیل ده‌كه‌نه‌ ئامانج، كه‌ پێشێلكردنێكی ئاشكرای هه‌موو بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤ و ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌رزكراوه‌ته‌وه‌.

یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان زۆر به‌توندی پرۆتستۆی ئه‌و هێرشه‌ ده‌كات و به‌سه‌ر هه‌موو گه‌لی كوردیش هه‌ژمار ده‌كات داواكاره‌ هه‌رچی زووه‌ نیزامی توركی ده‌ست به‌رداری ئه‌و هێرشانه‌ بێت، له‌هه‌مان كاتیشدا داوا له‌هه‌موو رێكخراوه‌ جیهانیه‌كانی تایبه‌ت به‌ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كات زۆرترین فشار بخه‌نه‌ سه‌ر توركیا تا واز له‌و سروشته‌ شه‌ڕانگێزیه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به‌گه‌لی كوردستان به‌گشتی و كانتۆنی عه‌فرین به‌تایبه‌تی بهێنێت و له‌بری شه‌ڕ و كاولكاری دایه‌لۆگ هه‌ڵبژێرێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ش گه‌لی كوردستان له‌هیچ شوێنێك هه‌ڕه‌شه‌ نابێت بۆ سه‌ر دراوسێیه‌كان بگره‌ هۆكاری سه‌قامگیری و ئارامی و ئاسایش ده‌بێت .

سه‌ركه‌وێ به‌رخودانی خه‌ڵكی شۆڕشگێری عه‌فرین
روڕه‌شی و شه‌رمه‌زاریش بۆ ناحه‌زان و داگیركه‌ران

یه‌كێـتی مامۆستایانی كوردستان
مه‌كته‌بی سكرتاریه‌ت
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.