Erbil 5°C یەکشەممە 29 کانونی یەکەم 04:11

نێچیرڤان بارزانى و ئیزابێل لۆڤین په‌یوه‌ندییه‌کانى سوێد و هه‌رێمى کوردستانیان تاوتوێ کرد

مه‌شق و ڕاهێنانى هێزه‌كانی سوێد به‌ پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت
نێچیرڤان بارزانى و ئیزابێل لۆڤین په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و سوێديان تاوتوێ كرد
کوردستان TV
100%

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25/1/2018 له‌ په‌راوێزى به‌شداریكردنى له‌ كۆڕبه‌ندى ئابووریى جیهان له‌ داڤۆس، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ خاتوو ئیزابێل لۆڤین جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى سوێد كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان د. فوئاد حسێن سه‌رۆكى دیوانیى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا خۆشحاڵییان به‌ دیداره‌كه‌ ده‌ربڕى و په‌یوه‌ندییه‌كانى سوێد و هه‌رێمى كوردستانیان تاوتوێ كرد. 

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سوپاسى گه‌ل و حكوومه‌تى سوێدى كرد بۆ هاوكارى و پشتیوانییان له‌ هه‌رێمى كوردستان و هیواى به‌رده‌وامى و په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانى خواست.

به‌ڕێزیان پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دوا پێشهاته‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و  دوایین سه‌ردانى بۆ به‌غدا پێشكه‌ش كرد و جه‌ختى له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و به‌پێى ده‌ستوور كرده‌وه‌. 

ده‌رباره‌ى شكاندنى داعش و قۆناغى دواى ئه‌وه‌ش به‌ڕێزیان ڕوونیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ناوبردنى سه‌ربازیانه‌ى داعش به‌ته‌نها چاره‌سه‌ر نییه‌ و كێشه‌كان پێویستییان به‌ چاره‌سه‌رى سیاسى هه‌یه‌. هه‌روه‌ها باسى له‌ دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ كاریگه‌ریى كردووه‌ته‌ سه‌ر بارى دارایى و بواره‌كانى دیكه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان.

لاى خۆیه‌وه‌ خاتوو لۆڤین وێڕاى گه‌یاندنى سڵاو و ڕێزى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى سوێد به‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، دووپاتى كرده‌وه‌ وڵاته‌كه‌ى كۆكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوازه‌ى هه‌رێمى كوردستان گرتوویه‌تیه‌ به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه‌ و له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه‌، پشتیوانیى وڵاته‌كه‌یشى بۆ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و هیواى به‌رده‌وامى و سه‌ركه‌وتنى دیالۆگى خواست.

خاتوو لۆڤین تیشكى خسته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانى سوێد له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتیى ئه‌ورووپا بۆ سه‌رخستنى دیالۆگ و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌روه‌ها ڕوونیكرده‌وه‌ كه‌ مه‌شق و ڕاهێنانى هێزه‌كانیان به‌ پێشمه‌رگه‌ و په‌ره‌پێدانى مرۆیى و هاوكاریى مرۆییش بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

به‌شدارى و سوودمه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنگره‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ كوێت ساز بكرێت، له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى نوێنه‌رایه‌تیى سوێد له‌ هه‌رێمى كوردستان، لایه‌نێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.