Erbil 9°C شەممە 11 کانوونی دووەم 00:13

کۆسره‌ت ره‌سول: داواکارین هه‌رچی زووه‌ تورکیا هێرشه‌کانى له‌ عه‌فرین بوه‌ستێنێ

كۆسره‌ت ره‌سول لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا له‌ عەفرین پەیامێكی بڵاوكردەوە
کوردستان TV
100%

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى ‎جێگری سكرتێری گشتیى ‎یه‌كێتى لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكانی سەر عەفرین لەلایەن سوپای توركیاوە، پەیامێكی بڵاوكردەوە.

لە پەیامەكەی كۆسرەت رەسولدا هاتووە "‎زۆر به‌داخه‌وه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردووه‌وه‌ سوپاى توركیا و چه‌ند هێزێكی تر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی گەورەیان بۆ سه‌ر عه‌فرینى رۆژئاواى كوردستان ده‌ستپێكردووه‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌ مایه‌ى نیگه‌رانى هه‌موومانه‌ و داواكارین هه‌رچی زووه‌ توركیا ئه‌و هێرشانه‌ بوه‌ستێنێ و چیتر خه‌ڵكى سڤیل نه‌كرێنه‌ قوربانى ململانێ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان".

جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی هەروەها نووسیویەتی "‎روون و ئاشكرایه‌ كه‌ گه‌لى كورد به‌درێژایی مێژووى تا به‌مڕۆ ده‌گات، هه‌میشه‌ ویستوویه‌تى به‌شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه‌ و له‌ كه‌شێكى دیموكراسیدا ژیان بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌میشه‌ بە چەك وەڵام دراوینەتەوە و هێرش كراوەتە سەرمان، ئه‌م ئۆپەراسیۆنەش به‌ درێژكراوه‌ى ئه‌و سیاسه‌ته‌ ده‌زانین و داواكارین لە وڵاتانى زلهێزى دنیا و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى به‌زووترین كات له‌دژی ئه‌و هێرشانه‌ بێنه‌ ده‌نگ و بیوه‌ستێنن، هه‌روه‌ك گیان و ژیانى سه‌رجه‌م هاووڵاتیانى عه‌فرین له‌ ئه‌ستۆی هێرشكارانه‌ و پێویسته‌ ژیانێكى ئازاد و سه‌لامه‌ت بژین".

كۆسرەت رەسول دەڵێ "ئەزموونی بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی تاریكپەرستان و تیرۆریستان دەریخست كە ئیرادەی گەلەكەمان لە ڕۆژئاوا چەندە بەهێزە و هەر ئەو ئیرادە بەهێزەشە بۆتە هەوێنی ئاشتی و ئارامی و پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكان لە ڕۆژئاوادا، مێژووش پێمان دەڵێ كە ئیرادەی گەلی كورد بەهێز ناشكێ، بۆیە باشترین ڕێگا بۆ چارەسەری كێشەكان ڕێگای دیالۆگ و ئاشتی و كۆبوونەوەیە لەسەر مێزی دانوستان".

لەوەتەی رۆژی شەممەوە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی بەهاوكاری میلیشیا عەرەبیەكانی سوپای ئازادیی سووریا بۆ سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە، تا ئێستە بەهۆی هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانەوە، دەیان خەڵكی سیڤیل كوژراون و بریندار بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.