Erbil 17°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 02:01

گۆڤارێکى ئه‌مریکی: داعش له‌ عێراق کۆتایی نه‌هاتووه‌ و ئه‌گه‌رى گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌یه‌

داعش له‌ پارێزگاى نه‌ینه‌وا ده‌ستی به‌ كرده‌وه‌ى تیرۆریستى كردووته‌وه‌
کوردستان TV
100%

گۆڤارى (فۆرین پۆلیسی)ى ئه‌مریكی، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى بۆ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژ به‌ داعش ئاشكرا كرد، كه‌ تێیدا جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى، داعش له‌ عێراق كۆتایی نه‌هاتووه‌ و ئه‌گه‌رى گه‌ڕانه‌وه‌ى و دووباره‌ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى، زۆر نزیكه‌. دووپاتیش كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ دۆخه‌كه‌ زۆر ئاڵۆزه‌.

به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌، پێنج له‌و ناوچانه‌ى له‌ ده‌ست داعش ڕزگار كراون، پێویستییان به‌وه‌ هه‌یه‌ سه‌قامگیریی ئه‌منییان به‌خێرایی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌: "گه‌ر سه‌قامگیر نه‌بن، ئه‌وا گه‌ڕانه‌وه‌ى داعش بۆ ئه‌و ناوچانه‌، ئه‌گه‌رێكى زۆر نزیكه‌".

باس له‌وه‌ش ده‌كرێت، كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ ده‌ست داعش وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌، تائێستاش شانه‌ى نووستوویان تێدایه‌، به‌نیازن هێرشى له‌ناكاو بكه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌ عێراقییه‌كان و دۆخه‌كه‌ تێكبده‌ن".

به‌پێی به‌رپرسانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هه‌روه‌ها به‌رپرسانى ئه‌مریكاش، كه‌ له‌ ئاماده‌كردنى ئه‌و ڕاپۆرته‌ به‌شدار بوون، زۆرێك له‌و ناوچانه‌ى ڕزگاركراون، به‌م دواییانه‌ داعش چالاكى تیرۆریستى تێیاندا ئه‌نجام دا، له‌وانه‌ش ته‌له‌عفه‌ر و قائیم كه‌ دوو له‌و پێنج ناوچه‌یه‌ن له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا باس كراون. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ خورماتوو و حه‌ویجه‌ و شه‌رگات.

گۆڤاره‌كه‌ له‌سه‌ر زارى به‌رپرسێكى ئه‌مریكی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، گه‌ر كارى به‌په‌له‌ بۆ سه‌قامگیریی ئه‌و ناوچانه‌ نه‌كرێت و ڕێگه‌ به‌ ئاواره‌كان نه‌درێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵه‌كانى خۆیان، ئه‌وا مه‌ترسى گه‌ڕانه‌وه‌ى داعش هه‌یه‌.

جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه‌، ته‌نها ئه‌و پێنج ناوچه‌یه‌ نییه‌، كه‌ مه‌ترسى گه‌ڕانه‌وه‌ى داعشیان له‌سه‌ره‌، وه‌ك (فرسان مایكل) له‌ په‌یمانگاى واشنتۆن بۆ سیاسه‌ته‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ند، ئاماژه‌ى پێداوه‌، به‌ڵكو پارێزگایه‌كی وه‌ك (دیاله‌) به‌ مۆڵگه‌ى داعش داده‌نرێت و ئه‌گه‌ر زۆره‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش.

ئه‌و توێژه‌ره‌، ده‌شڵێت" دیاله‌ چه‌ندین ساڵه‌ سه‌قامگیریی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، له‌ ماوه‌ى ساڵى 2017 ناوچه‌ى دیاله‌ كه‌ دراوسێی به‌غدایه‌، چه‌ندین ته‌قینه‌وه‌ و هێرشی ڕاسته‌وخۆى تێدا ئه‌نجام درا، كه‌ به‌شێكیان كرانه‌ سه‌ر هاووڵاتیان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئامانجه‌ سه‌ربازیی و ئه‌منییه‌كان".

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ ڕۆژنامه‌ى (قودسى عه‌ره‌بى) له‌ ڕاپۆرتێكیدا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی 12/ 1/ 2018 بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، ئاشكراى ده‌كات، ڕێكخراوى توندڕه‌وى داعش، له‌ سنوورى پارێزگاى نه‌ینه‌وا ده‌ستی به‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانى كردووه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك موختار و سه‌رباز و ئه‌ندامى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانى كوشتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ش داوا ده‌كرێت، بۆ پاراستنى گیانى هاووڵاتییان، هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان دۆسیه‌ی ئه‌منیی پارێزگاكه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بگرن.

ڕۆژنامه‌كه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پارێزگاى نه‌ینه‌وا، به‌تایبه‌تى شارى مووسڵ، له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى داعشى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و زنجیره‌یه‌ك تاوانى كوشتن ئه‌نجام دراوه‌، به‌تایبه‌ت كوشتنى موختاره‌كان.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.