پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بریاریدا بە دروستكردنی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی شارۆچكەی دوزخورماتوو، و دیاریكردنی ئەنجامدەران و ئەوانەشی كەستەمیان لێكراوە.
ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 8/1/2018ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەنگ بە لێژنەی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەكانی خورماتوو درا، بەپێی ئەوەش لە ئەمڕۆوە ئەو لێژنەیە دەتوانێت خۆی ڕێك بخاتەوە و دەست بە كارەكانیان بكەن.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو: ئەندامی لێژنەی ڕۆشبیری و ڕاگەیاندنیش بۆ لێژنەكە زیاد كراوە، چونكە لە ڕووداوەكانی خورماتوودا پێشێلكاری بەرامبەر هەندێك كەناڵ و ڕۆژنامەنووسیش كراوە، ئێستا لێژنەكە ئەندامی لێژنەی مافی مرۆڤ، كۆچ و كۆچبەران، ئەمن و ئاسایش و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لەخۆ دەگرێت.
لای خۆشیهوه محەممەد عوسمان ئەندامی پەرلەمانی عێراق راگەیاند پاش ئاوارەبوونی كوردانی دوزخورماتوو ئەو نەهامەتی و دەربەدەرییەی جینۆسایدەی بەسەریاندا هات، وەكو ئەندامی كورد داوامان لە پەرلەمانی عێراق كرد لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنێت، و بۆ ئەو مەبەستەش واژۆمان كۆكردەوە.
باسیشی لەوەكرد، ئەو چوار لیژنەیە بریارە لە رۆژانی داهاتوودا كۆببنەوە و لە نێو خۆیاندا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە رەوانەی دوو دوزخورماتوو بكەن و لە نێو هەموو لیژنەكاندا كورد هەیەو بە شێكی دیكەی كارەكانی لیژنەكەش پەیوەندی دەبێت بە گەراندنەوەی خەڵكی كوردی شارەكە.
شایهنی باسه ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن و هاوكارى لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکارى لایهنێكى كوردى، پەلاماری شارى کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان داو دەستیان بە سەر ئهو ناوچانهدا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کردو نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون ، سهربارى ئهوهى چهندین دوكان و خانووى هاولاتیانى كوردیان لهو ناوچانه سووتاند.
دوو رۆژ دواى رووداوهكه، واته له ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە، ههروهها له ڕۆژی 27/12/2017ش، جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.