کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سهر بهنەتەوە یەکگرتووەکان رایدهگهیهنێت كه لەلایەن چەکدارانی تورکمان و تورکمانە مەدەنییەکانی شارۆچکەی خورماتوەوە، ژمارەیەکی زۆری ماڵی کورد سوتێندراوەو تاڵان کراوە، داواش لهحكومهتی عێراق دهكات كه ئەو کەسانەی کە مافەکانی مرۆڤیان لەقهزاكه پێشێلکردووە، بیاندەنە دادگا.
کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سهر بهنەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ڕووداوەکانی سوتاندن و تاڵانکردنی ماڵە کوردەکانی شارۆچکەی خورماتوی سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لەبهشێكی ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە، لەڕۆژانی 16و 17ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، لەلایەن چەکدارانی تورکمان و تورکمانە مەدەنییەکانی شارۆچکەی خورماتوەوە، ژمارەیەکی زۆر ماڵی کورد سوتێندراوە و تاڵان کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە كه بەهۆی ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە، هەزاران کورد ناچاربوون خورماتوو چۆڵ بکەن، ئەو کەسانەش لەبەشێک لەشارو شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێبون، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەشی کە ناچاربوون شارۆچکەکەیان چۆڵ بکەن، تاوەکو ئێستایش نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵەکانیان.
نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوەشکردۆتەوە کە قهزای خورماتوو ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدایە و لەپاراستن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەو شارۆچکەیە بەرپرسیارە، بهڵام له ههمان كاتدا حهشدی شهعبی باڵا دهسته لهم سنووره.
رێكخراوهكه داواش دهكات كه بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئەو کەسانەی کە لەخورماتوو پێشێلکارییان ئەنجماداوە ئاشکرایان بکات و بیانداتە دادگا.
ههروهها میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە تەقاندنەوەی ماڵە كوردەكانی خورماتوو بەردەوامن ماڵی هاووڵاتییەكی دیكەی كورد كە ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی كوردستان بووە، لەلایەن ئەوانەوە تەقێندراوەتەوە.
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، حزبووڵای لوبنان، فەیلەقی قودسی سەربە پاسدارانی ئێران)، بەڕێككەوتن لەگەڵ باڵێكی یەكێتی كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان داگیر كرد، بەو هۆیەشەوە دەیان هاووڵاتیی شەهید و بریندار بوون و هەزاران ماڵیش ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی كوردستان بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.