Erbil 15°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 15:46

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ ساڵی 2018 ئەولەویەت دەداتە دابینکردنی مووچە

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داهات و خه‌رجییه‌كانى نیوه‌ى یه‌كه‌مى ساڵى داهاتووی تاوتوێکرد
کوردستان TV
100%

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داهات و خه‌رجییه‌كانى نیوه‌ى یه‌كه‌مى ساڵى داهاتووی تاوتوو کرد و تیایدا دابینکردنی مووچە ئەولەویەت دەبێت.

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ١١/١٢/٢٠١٧ به‌ سه‌رۆكایه‌تیى (نێچیرڤان بارزانى) سه‌رۆكوه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونى (قوباد تاڵه‌بانى) جێگرى سه‌رۆكوه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، كۆبووه‌وه‌.

سه‌ره‌تا به‌بۆنه‌ى ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌وه‌ كه‌ تا ئێستا له‌ عێراق به‌سه‌ر داعشدا به‌ده‌سته‌وه‌ هاتوون، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پیرۆزبایى له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و ته‌واوى گه‌لى كوردستان و هه‌موو گه‌لى عێراق و هێزه‌ چه‌كداره‌ عێراقییه‌كان كرد. هه‌روه‌ها سوپاسى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش كرد كه‌ به‌بێ هاوكارى و پشتگیریى ئه‌وان، ئه‌سته‌م بوو ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌ به‌ده‌ست بێن. گیانفیدایى و قاره‌مانیه‌تیى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانى له‌و سه‌ركه‌وتنانه‌دا به‌رز نرخاند كه‌ یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنیان به‌ سه‌ر داعشدا تۆمار كرد و بوونه یه‌كه‌م هێزى شكێنه‌رى داعش.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه داعش ته‌نها به‌ له‌ناوبردنى سه‌ربازى كۆتایى نایه‌ت، به‌ڵكو به‌ ڕاستكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق و نه‌هێشتنى ئه‌و بیر و زه‌مینه‌ و هۆكارانه‌ ده‌بێت كه‌ بوونه‌ هۆى دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانى داعش. ده‌بێت هۆكاره‌كان و زه‌مینه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى داعش بنه‌بڕ بكرێن. نه‌مانى داعش به‌ زامنكردنى یه‌كسانى و هاوبه‌شیى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق له‌ پرۆسه‌ى سیاسى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵات و دابینكردنى مافه‌كانیان ده‌بێت.
له‌ بڕگه‌ى یه‌كه‌مى كارنامه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا (د. ئاشتى هه‌ورامى) وه‌زیرى سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان، سه‌باره‌ت به‌ تێكڕاى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له‌ بلۆكه‌كانى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و داهاتى خه‌ملێنراوى هه‌نارده‌كرن و فرۆشى نه‌وتى به‌رهه‌مهێنراو له‌و بلۆكانه‌ بۆ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ساڵى ٢٠١٨، ڕاپۆرتێكى پێشكه‌ش كرد و خه‌رجییه‌كانى ئه‌و بواره‌ى خسته‌ ڕوو.

دواتر (ڕابه‌ر سدیق) بریكارى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى به‌وه‌كاله‌ت، ڕاپۆرتێكى سه‌باره‌ت به‌ داهاته‌ گشتییه‌كانى دیكه‌، جگه‌ له‌ نه‌وت و خه‌رجییه‌ گشتییه‌كانى خه‌مڵێنراو بۆ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ساڵى ٢٠١٨ خسته‌ ڕوو، به‌تایبه‌تیش مووچه‌ و ته‌رخانكراوى پێویست بۆ به‌ڕێوه‌بردنى خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان. ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌ردوو ڕاپۆرته‌كه‌ و بژارده‌كانى دابینكردنى مووچه‌ و بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانى له‌ چوارچێوه‌ى داهاتى چاوه‌ڕوانكراو بۆ ساڵى ٢٠١٨دا تاوتوو كرد كه‌ تیایدا دابینكردنى مووچه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌بێت.

پاشان سه‌باره‌ت به‌ چاكسازى له‌ كه‌رتى وه‌زیفه‌ى گشتى، خانه‌نشینى، مووچه‌، ده‌رماڵه‌كان و چاره‌كردنى بابه‌تى وه‌رگرتنى زیاتر له‌ مووچه‌یه‌ك له‌ پاره‌ى گشتى، ڕێكخستنه‌وه‌ى لیسته‌كانى خانه‌نشینان، ڕێكخستنه‌وه‌ى وارسى شه‌هیدان، فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌كان به‌ خانه‌نشینى، سوودمه‌ندانى ئیمتیازاتى زیندانى سیاسى، ڕێكخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌كان به‌ جۆرێك ته‌نیا كه‌سانى شایسته‌ سوودمه‌ند بن، چالاككردنى سندوقى خانه‌نشینى تاكو زامنى مافى خانه‌نشینانى شایسته‌ بكرێت، به‌پێى یاسا و ڕێنماییه‌ به‌ركاره‌كان، ڕاپۆرتێك خرایه‌ ڕوو.

(د. پشتیوان سادق) وه‌زیرى په‌روه‌رده‌، سه‌باره‌ت به‌ ئاسته‌نگ و به‌ره‌وپێشچوونه‌كانى ساڵى خوێندنى ٢٠١٧ ـ ٢٠١٨، بابه‌ته‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان، به‌ها مرۆییه‌كان، بنه‌ماكانى مافى مرۆڤ، خۆشه‌ویستیى نیشتمان، ژینگه‌پارێزى و ڕاگرتنى پاكوخاوێنى له‌ پڕۆگرامه‌كانى خوێندندا، له‌گه‌ڵ پو‌خته‌ى چالاكییه‌كانى وه‌زاره‌ت له‌ بوارى خوێندنى پیشه‌یى و خوله‌كانى پێگه‌یاندن و به‌هێزكردنى تواناى مامۆستایاندا، ڕاپۆرتێكى پێشكه‌ش كرد و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ستخۆشى لێكرد.

(عه‌بدولسه‌تار مه‌جید) وه‌زیرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو، سه‌باره‌ت به‌ پلانى وه‌زاره‌ت بۆ قۆناغى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان، پێداویستیى تاكه‌كه‌سى له‌ ئاو و خۆراك، كۆى پێداویستیى ئاو و خۆراك له‌ هه‌رێمى كوردستان، پلانى وه‌زاره‌ت له‌ قۆناغه‌كانى به‌رهه‌مهێنان، به‌بازاڕكردن و داكردنى به‌روبوومه‌ خۆراكییه‌ سه‌ركییه‌كان، سه‌رچاوه‌كانى ئاو به‌تایبه‌تیش به‌نداوه‌كان و دروستكردنى پۆنت بۆ گلدانه‌وه‌ى ئاو، ڕاپۆرتێكى پێشكه‌ش كرد.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى ڕاپۆرته‌كه‌ى تاوتووی كرد و بڕیار درا لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تمه‌ند له‌ وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى‌ كشتوكاڵ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان پێشنیاره‌كانى وه‌زاره‌ت تاوتوێ بكه‌ن تاكو بڕیارى پێویستیان له‌باره‌وه‌ بدرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.