Erbil 14°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 15:55

په‌رله‌مانى کوردستان خه‌ڵاتى رێزلێنان پێشکه‌ش به‌ ئه‌فسه‌رانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌کات

سیمینارێك بۆ رێزلێنان له‌ كارمه‌ندان و ئه‌فسه‌رانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌ڕێوه‌چوو
کوردستان TV
100%

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 3/12/2017 به‌ ئاماده‌بوونى دكتۆر جه‌عفه‌ر ئێمنیكى، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و بێگه‌رد تاڵه‌بانى، سكرتێرى په‌رله‌مان و ئێڤار ئیبراهیم سه‌رۆكى لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و كورده‌ خان، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى پۆلیسی توندوتیژیی خێزانى له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ، له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان سیمینارێك بۆ رێزلێنان له‌كارمه‌ندان و ئه‌فسه‌رانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌ڕێوه‌چوو.


سه‌ره‌تاى سیمیناره‌كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و سكرتێرى په‌رله‌مان و سه‌رۆكى لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌مافه‌كانى ئافره‌ت، وته‌ى خۆیان پێشكه‌شكردو پاشان هه‌ریه‌ك له‌ئه‌فسه‌ران، راو سه‌رنجی خۆیان خسته‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌ توندوتیژیى خێزان و رووداوى جۆراوجۆرى تر له‌ سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك و گه‌رمیان. 

پاشان باس له‌ هۆكاره‌كانى زۆربوونى ئه‌و رووداوانه‌ كرا و له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ پێشنیاز كرا كه‌ هه‌موارى چه‌ند یاسایه‌ك بكرێته‌وه‌ له‌وانه‌ش یاساى خراپ به‌كارهێنانى (مۆبایل) و ئامیره‌كانى گه‌یاندن و یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى و یاساى بارى كه‌سى و هه‌روه‌ها ده‌ركردنى یاسایه‌ك له‌ په‌رله‌مانى كوردستان تایبه‌ت به‌ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ و پابه‌ندكردنى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن به‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ى خێزانیى هاونیشتیمانییان له‌سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان بڕیاریدا كه‌ هه‌ماهه‌نگیى ته‌واو بكات بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ى كه‌ له‌نێو یاساكاندا هه‌یه‌ هه‌موار بكرێنه‌وه‌، یاسایه‌كى تایبه‌تیش سه‌باره‌ت به‌ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ ده‌ربكرێت و داواشى له‌ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى په‌رله‌مان كرد به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌دواداچوون بۆ كه‌موكوڕییه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى ناوخۆ بكرێت.

له‌كۆتایى سیمیناره‌كه‌دا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ خه‌ڵاتى رێزلێنان پێشكه‌ش به‌ ئه‌فسه‌رانى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه‌ كرا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.