نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی رایگەیاند، دوای داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان، هیچ هاوڵاتییەكی هەرێم سەردانی وڵاتی سعودیەی نەكردووە بەمەبەستی جێبەجێكردنی عەمرە.
نەبەز ئیسماعیل راگەیاند: ساڵانە 15 بۆ 20 هەزار هاوڵاتی هەرێم بەمەبەستی جێبەجێكردنی عەمرە سەردانی وڵاتی سعودیە دەكەن، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخەو داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، ئەو گەشتە راگیراوە و هاوڵاتیان بەهیچ شێوەیەك ناتوانن گەشت بكەن.
29ی مانگی (ئەیلول/9) حكومەتی عێراق گەشتە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی راگرت، لە ئێستاشدا گەشتەكانی ئەو دوو فڕۆكەخانەیە تەنها بۆ فڕۆكەخانەكانی ناوخۆی عێراقە.
راگرتنی گەشتە ئاسمانییە نێودەڵەتییەكانی هەرێم دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم هات لە هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان، كە تێیدا لەسەدا 92.73ی بەشداربووان بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا.
وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر هاوڵاتی ئێمە لە هەرێمی كوردستان بچێتە بەغدا و لەوێوە بچێتە عەرەبستانی سعودی تێچوی زیاتری دەوێت، بۆیە تا ئێستا هیچ هاوڵاتییەكی هەرێم لە رێگەی فڕۆكەخانەی بەغدا سەردانی عەرەبستانی سعودیەی نەكردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بتوانین میكانیزمێك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتییان بتوانن بە ئاسانترین شێوە گەشتی عەمرە بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش دوو رۆژ پێش ئێستا شاندێكی باڵای وەزارەتمان لە بەغدا بوو، ئێستاش لە گفتوگۆداین و كۆبوونەوەی دیكەشمان لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عەمرەی عێراق هەیە بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكان، دوای كردنەوەی فڕۆكەخانەكان راستەوخۆ دەست دەكرێت بە گەشتی عەمرە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.